* نه‌وژین
سه‌كۆی چاودێریی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ژنانى پارله‌مانتار (21%)ى كۆی گفتوگۆكانى نێو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیان له خولی چواره‌م دا ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ك (18) پارله‌مانتاری ژنیش هیچ قسه‌یه‌كیان له‌م سێ ساڵه‌دا نه‌كردوه كه (6)یان كوردن.
له راپۆرتێكى (
مرصد النیابی العراقی) كه كارى چاودێریی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجام ده‌دات، ئاماژه به چالاكی و به‌شدارییه‌كانى پەرلهمانتارانى عێراق دراوه له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه له كۆتاییهاتنى ئه‌م خوله‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات رێژه‌ى به‌شداریی ژنانى پارله‌مانتار كه ژماره‌یان (89) پارله‌مانتاره، له گفتوگۆكانى ناو پارله‌مان له‌به‌رامبه‌ر ژماره‌ى پیاوانى پارله‌مانتار كه ژماره‌یان (238) پارله‌مانتاره، (21%) بۆ ژنان و (74%) بۆ پیاوان بوه.
ئەو ژنە ئەندامانەی زۆرترین بەشداریان هەبوە
هه‌ربه‌پێی ئه‌و راپۆرته، له‌ناو ژنه‌كان دا، پارله‌مانتار (عالیه نوسه‌یف) زۆرترین به‌شداریی له گفتوگۆكان هه‌بوه كه (112) به‌شدارییه.
هه‌روه‌ك له‌ناو ژنه پارله‌مانتاره كورده‌كانیشدا، پارله‌مانتار (ئاڵا ته‌حسین تاڵەبانى) له لیستی (یه‌كێتى نیشتمانى) زۆرترین به‌شداریی هه‌بوه كه (44) به‌شداریی بوه و به‌دواى ئه‌ودا (ڤیان سه‌بری) له لیستی (پارتى) به (40) به‌شداریی و پاشان (به‌هار مه‌حمود) له لیستی (گۆڕان) به (26) به‌شداریی.
ئەوانەی کەمترین بەشداریان هەبوە یان هەر بەشدارنەبون
له‌باره‌ى كه‌مترین بهشدارییهكانیشهوه، ئه‌وا به‌گشتى (57) پارله‌مانتارى عێراق هیچ به‌شداریی و قسه‌یه‌كیان له‌دانیشتنه‌كاندا نه‌كردوه، كه (12) له‌و پارله‌مانتارانه كوردن و له‌نێویشیان دا (6)یان ژنن، كه بریتین له: (وه‌سفیه محه‌مه‌د شێخۆ/ پارتى-دهۆك، شبال حه‌سه‌ن/ پارتى-دهۆك ، سه‌لمه عومه‌ر/ یه‌كێتى- هه‌ولێر، دالیا فه‌رهاد/ پارتى-دهۆك، بڵێسه جه‌بار فه‌رمان/ یه‌كێتى- سلێمانى، ئاره‌زو مه‌حمود/ یه‌كێتى- سلێمانى).
له‌باره‌ى به‌شداریی له داڕشتنه‌وه‌ى یاساكان دا، 2 ژنه پارله‌مانتارى كورد هیچ به‌شدارییه‌كیان نه‌بوه كه بریتین له: (بڵێسه جه‌بار فه‌رمان/ یه‌كێتى و یوسرا ره‌جه‌ب/ نه‌وه‌ى نوێ)، هه‌روه‌ك زۆرترین به‌شدارییش (ئاڵا ته‌حسین تاڵه‌بانى/ الحل- یه‌كێتى) هه‌یبوه كه (39) به‌شداریی بوه، به‌دواى ئه‌ویشدا (به‌هار مه‌حمود/ گۆڕان و ئه‌ڵماس فازڵ/ یه‌كێتى) دێن كه یه‌كى (8) به‌شدارییان له داڕشتنى یاساكان دا هه‌یه.