* نەوژین، نوسینی: سيدۆ داڤید مۆرگان
دو ژن بڕيارياندا چارەنوسى مرۆڤايەتى بگۆڕن، بڕيارياندا تەنانەت توێكارى دى.ئێن.ئەى بكەن و بۆ يەكەمجار لە مێژودا بە شێوەيەكى پراكتيكى و لە ناو تاقيگەدا دى.ئێن.ئەى تاكى مرۆڤيان دەستكارى كرد ئەويش تەنيا بەو ئامانجەى ژمارەى نەخۆشيە بۆماوەييەكان لەسەر ئاستى جيهان بەرەو كەمبونەوە ببەن.
پرۆفيسۆر جێنيفەر دۆدنا، لە دايك بوى ساڵى (١٩٦٤) لە واشينتن. دەرچوى سكوڵى پزيشكى زانكۆى هارڤارد لە ساڵى( ١٩٨٩) هەڵگرى خەڵاتى نايرينبێرگى بوارى زانست بۆ ساڵى (٢٠١٩).
لە كۆتا ديمانەيدا جێنيفەر باسى لەوە كرد: خەياڵە زانستيەكانيان و تيۆرەكانيان زۆر لەوە فراوانتر و بەرينترن لەوەى كە خراونەتەڕو، چاوەڕێى تەكنۆلۆجيا دەكەين زياتر پێش بكەوێت بۆ ئەوەى هەم تەكنۆلۆجياى زيرەك و هەم مرۆڤەكان تواناى تێگەيشتنيان لە ئاستى تيۆر و كەرەستە و خزمەتگوزارييەكانى تيمەكەمان هەبێت.
وێنە: پرۆفيسۆر جێنيفەر دۆدنا
پرۆفيسۆر ئيمانۆيل چارپێنتيەر، لە دايك بوى ساڵى ١٩٦٨ لە فەڕەنسا. پسپۆرى بوارى شى كردنەوەى پرۆسە شاراوەكانى هەوكردن و سيستەمى بەرگرى و پاتۆجينى بەكترياييە. بەرێوەبەرى يەكەى ماكس پلانكە بۆ زانست و پاتۆجينس لە بەرلين. لە زانكۆى سۆربۆن خوێندنى بوارى بايۆكيميايى و مايكرۆبايۆلۆجى و بۆماوەى خوێندوە.
وێنە: پرۆفيسۆر ئيمانۆيل چارپێنتيەر
پڕۆژەی دەستکاری جینەکانی مرۆڤ
لە ساڵى ٢٠١٢ دەستیانکرد بە دروستکردنی پرۆژەى (كريسپر-كاس٩) ئەويش بۆ دەستكارى كردنى جينەكانى مرۆڤ و دى.ئێن.ئەى مرۆڤ.
هەردوكيان باوەڕيان وابو بەشێكى زۆرى نەخۆشيەكانى مرۆڤ بنەماى جێنێتيكيان هەيە و بەم جۆرە ئەگەر بتوانين دەستكارى لايەنە كەم و كوڕەكانى ناو دى.ئێن.ئەى بكەين ئەتوانين بەشێكى زۆرى گرفتەكانى مرۆڤ لە ناو چوارچێوەيەكى مرۆييدا چارەسەر بكەين.
بۆ ئەم مەبەستە هەڵسان بە داهێنانى كۆمەڵێكى زۆر ئامێرى بوارى كيمياى و پزيشكى و دروستكردنى پرۆتينێك كە لە تواناييدا بچێتە ناو هەر خانەيەكى ژيانيەوە لە ناو مرۆڤ و ئاژەڵ و گيانەوەرانەوە.
بۆ يەكەمين جار لە رێگاى دەستكارى كردنى دى.ئێن.ئەى كەسانى توشبو بە ئەنيمياى خانە هيلاليەكان توانيان رێ لە توشبوى ئەو كەسانە بگرن كە دەكرێت بە هۆى بۆماوەوە لە ژيانياندا توشى ئەو نەخۆشيە ببن.
ئەنيمياى خانە چیە؟
كەسانى توشبوى ئەنيمياى خانە هيلاليەكان خرۆكە سورەكانى ناو لاشەيان تواناى هەڵگرتن و گواستنەوەى بڕى پێويستى ئۆكسيجينيان نيە، بەم جۆرە كەسەكە و كەسانى توشبوى ئەم نەخۆشيە بە گشتى هەست بە ئازارى بەردەواميان هەيە، بە ئاسانى توشى خوێنبەربون و هەوكردن دەبن، لە منداڵان و لاواندا گرفتى درەنگ پێگەيشتن و هاوكات زۆربەى توشبوان توشى گرفتى بينين و بينايى دەبن.
داهێنانەكەيان لە هەمو بوارەكانى پزيشكى، نەخۆشيزانى، بايۆتێكنۆلۆجى، مايكرۆبايۆلۆجى، و مێديكاڵ مايكرۆبايۆلۆجى و كشتوكاڵ و زۆر بوارى تردا هەنگاو بە هەنگاو كەوتۆتە بوارى جێ بەجێكردنەوە.
"پرۆفيسۆر جێنيفەر" و "ئيمانۆيل چارپێنتيەر"، لە ريزبەندى گەورەترين زانايانى بوارى بايۆكيميايى و بۆماوەن لە جيهاندا. و هەردوكيان پێكەوە هەڵگرى خەڵاتى نۆبڵى كيميان بۆ ساڵى ٢٠٢٠.
وێنە: لاى ڕاستەوە جێنيفەر، چارپێنتيەر (مەراسيمى وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵ بۆ ٢٠٢٠)