داواکرێت لە دەستوری ھەرێم مادەیەك تایبەت بكرێت بە قەدەغەكردنی خەتەنكردنی مێینە

2021/09/26    719 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کاردەکرێت بۆ ئەوەی لەناو رەشنوسی دەستوری ھەرێمی كوردستاندا مادەیەك تایبەت بكرێت بە پرسی قەدەغەكردنی خەتەنكردن، هەروەک دەستەیەكی ناوەندی روپێو و راپرسی وەربگرێت تا قەوارەی راستەقینەی دیاردەی خەتەنەكردنی ئافرەتان بە ژمارە و داتا بزانرێت.
 
بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕینی هەڵسوکەوت لە پێناو نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینە، مێزگردێک بەڕێوەچو، كە لەلایەن یەكەی یەكسانی جيندەری لە وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستان - و ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و رێكخراوی  – UNFPA ەوە سەرپەرشتی كرا . 
 
دادوەری داواكاری گشتی'بەدرەدیین كەریم بەرزنجی' سەرۆكی لیژنەی بڕیاری (1325) لە وەزارەتی داد، لە كورتەیەكدا وتی: لە ماددە 412ی یاسای سزاكانی عێراقی  ژمارە 111ی ساڵی 1969 ،ھەروەھا یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ھەرێمی كوردستان - ژمارە (8)ی ساڵی 2011 دا، سزا بۆ خەتەنەکردنی مێینە دانراوە.
 
هەروەک باسی لەوەشکرد، لەھەندێك وڵاتدا ھەر یاسای بۆ دانەنراوە، بەڵام لە ھەندێك وڵاتی دیكەدا بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێينە مادەی دەستوری بۆدانراوە . 
 
”ماوەی دو ساڵە هیچ سکاڵایەکی تایبەت بەو پرسە نەجوڵێنراوە“
 
نوێنەرەکەی وەزارەتی داد، ئاماژەی بەوەكرد كە دەستەی مافی گشتی لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و فەرمانگەكانی داواكاری گشتی لە ھەرێمی كوردستان، لەساڵانی 2019 – 2020 ھیچ سكاڵایەكی سزایی پەیوەست بەم تاوانەیان نەجوڵاندوە،. بەھەمان شێوە لەھەمو دادگاكانی تێھەڵچونەوەی شارەكانی ھەرێمی كوردستانیش، دادگاكانی لێكۆڵینەوە، ھیچ سكالایەكیان لەبارەی تاوانی خەتەنەكردنی كچان و ئافرەتان لەلانییە.
 
لە چوارچێوەی مێزگردەكەدا نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای خانمان و نوێنەرانی ژمارەیەك لە وەزارەتە تایبەتمەندەكان و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و وتەیان لەسەر پرسەکە ھەبو.
 
 لەكۆتایی مێزگردەكەدا ژمارەیەك راسپاردە خرانەڕو لەوانە چركردنەوەی ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتە تایبەتمەندەكان، ھەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بەو بابەتە بە ئاڕاستەی توندكردنی سزاكان لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، وەزارەتەكانی تەندروستی و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بەیاسا پابەند بكرێن تا ھۆشیاری زیاتر لە بارەی زیانەکانی خەتەنەكردنی ئافرەتان بڵاوبكەنەوە، لەیاسای توندوتیژی خێزانیدا ھەندێك لە مافە تایبەتەكان بكرێنە مافی گشتی.
 
هەروەک لە راسپاردەکان ئەوەشخرایەڕو کە لەناو رەشنوسی دەستوری ھەرێمی كوردستاندا مادەیەك تایبەت بكرێت بە پرسی قەدەغەكردنی خەتەنكردن، دەستەیەكی ناوەندی روپێو و راپرسی وەربگرێت تا قەوارەی راستەقینەی دیاردەی خەتەنەكردنی ئافرەتان بە ژمارە و داتا بزانرێت.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,786     ژمارەی میوان 2926

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە