خانمانی پەیامنێر: مایکەکانمان بە توانجتێگرتن لەدەست دانانێین

2021/09/07    1437 جار بینراوە
 
* نەوژین - شنیار صلاح 
 
ژمارەیان کەمە، بەڵام لە کاتی روداوە گەرم و سارەدەکان لە مەیدانی روداوەکان ئەوان ئامادەن و روماڵی دەکەن، بەدەر لە قورسی کارەکەیان دەبێت خۆیان بۆ توانجەکان و قسەی خەڵکیش ئامادەبکەن، بەڵام ئەمە واینەکردوە مایکەکانیان لە دەست دابنێنن.
 
لە دە ساڵی رابردودا هاتنە پێشەوەی کچان بۆ کاری پەیامنێری گۆڕانکاری بە خۆیەوە بینیەوە ئەمە بۆ بەشێکی زۆری شارەکانی هەرێم راستن.
 
شەرمین عەلی، یەکێکە لەو پەیامنێرانە لە گەرمیان ماوەی (١٥) ساڵ بەردەوامە لە کارەکەی بۆ نەوژین، باسی لەوەکرد کاری راگەیاندن وەک هەر کارێکی دیکە بۆ ژنان ئاستەنگی هەیە، ئەو وتی: لەماوەی کارەکەمدا روبەروی گێچەڵ بومەتوە، بەڵام نەبوەتە ھۆی ساردبونەوەم، چونکە بێئەندازە کارەکەم خۆشدەوێت، بۆ ژنان لە هەرکوێیەک بن کۆمەڵێک ئاستەنگ هەیە گرنگ ئەوەیە بەهێزبن و بەرادەوامبن.
 
وتیشی: ئێستا تێڕوانینی کۆمەڵگا تاڕادەیەکی باش گۆڕاوەو خەریکە بواری راگەیاندنیش وەک زۆربەی کارەکانی تر ئاسای دەبێتەوە بۆ ژنان ،خۆشبەختانە ژمارەیەکی زیاتر خانمی پەیامنێر ھاتونەتە ناو کاری راگەیاندن.
 
 
شەرمین عەلی، لە کاتی روماڵێکیدا 
 
”دەبێت روبەڕوی توانجەکان ببینەوە نەمان وەستێنێت“
 
ئەو توانجانەی لە ماوەی (٦) ساڵی پەیامنێری روبەڕوی نیگارعومەر، بۆتەوە بۆ ئەوەی دەگەرێنێتەوە کە کۆمەڵگە پیاوسالارانە بیردەکاتەوە وتی: کلتورو دابونەریتە کۆمەڵایەتەکان تا ئێستا زاڵن بەسەر کچان لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارمان هەیە ئەمەش هۆکاری ئەو قسەو توانجانەیە کە روبەڕومان دەبێتەوە، بەڵام ئەمانە نابێت بمانوەستێنن.
 
وتیشی: پێویستە خانمان لەم بوارەدا ھەبن چونکە خانمان زیاتر لەیەک تێدەگەن و دەتوانن دەنگی ئافرەتان بھێننە ناو کۆمەڵگاو داکۆکی لە ماف وپشگیریان لێبکەن ،وتیشی نابێت ھیچ شتێک ببێتە ھۆی وازھێنان لەکارەکت چونکە ئەوە پێی دەوترێت خاڵی کۆتای وکۆڵدان بۆیە پێویستە ئێمەی ئافرەت کۆڵ نەدەین و بەردەوام بین.
 
 
نیگار عومەر، لە کاتی روماڵێکیدا 
 
نیان بەرزان، بەهەمان شێوە هاوشێوەی نیگار، ماوەی ٦ ساڵە لە بوارەکەدا کاردەکات لە شاری سلێمانی بۆ نەوژین وتی: روبەڕوی هیچ گێچەڵێک نەبوەمەتەوە، بەڵام بەهۆی بەرچاوی کارەکە ئاستەنگی هەردێتە پێش بۆ ئێمەی خانمان بۆ ئەمەش دەبێت ھێزی قەبوڵکردنی رخنەکانمان ھەبێت.
 
ئەو زیاتر وتی: ”گرنگە جێپەنجەی خانمان لە راگەیاندندا ھەبێت بەومەرجەی بۆمەرام بەکارنەھێنرێت“  .
 
 
نیان بەرزان، لە کاتی روماڵێکیدا 
 
ئامار و ژمارەی رۆژنامەنوس و پەیامنێرانی مێینە
 
لەگەڵ ئەوەی باسی هاتنە پێشەوەی زیاتری رۆژنامەنوس و پەیامنێری مێینە دەکرێت، بەڵام ئامارە نیەو سەندیکای رۆژنامەنوسان کە لایەنی پەیوەندی دارە بە ئەم کارە تەنها بە زانیاری ئەوە دەزانێت. 
 
دلێر کەریم، بەرپرسی سەندیکای رۆژنامەنوسانی لقی گەرمیان، ئەوەی خستەڕو کە ئاماری وردیان لە بەردەست نیە لە بارەی رۆژنامەنوسانی مێینە. بەرپرسەکەی سەندیکا وتی: خۆشبەختانە زانیاری و پێدراوەکان ئەوە دەردەخەن کە ژماری رۆژنامەنوسانی مێینە چەند زیادی کردوە، کاریگەریشیان بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە.
 
جیاوازی جێندەری لە میدیاکان
 
کارکردن بە وتەی خانمانی پەیامنێر بۆ ئەوان چەند هێندە قورسترە بەهۆی جیاوازی جێندەری لە میدیاکان  وئەرکی خێزان  و دایکەیەتی.
 
لەیلا ئەحمەد، ماوەی ٨ ساڵە لە ناوچە جێناکۆکیەکان روماڵ دەکات، ئەو  روبەڕوی گێچەڵ و فشاری دەرونی بۆتەوە، ئەو وتی: ”قورسە لەمیدیادا کاربکەیت و ئافرەت بیت، چونکە ئاستەنگیەکان زۆرە بۆ ژنان بەرامبەر بە پیاوان و جیاوازی جێندەری  لەنێوانیاندا بەدی دەکرێت، لە میدیای ئەو وڵاتانەی جیاوازی جێندەری و رەگەز و توندوتیژی تێدایە هەر بەم شێوەیە چونکە میدیا تائێستا بۆ ئافرەت وەک پیشە سەیر نەکراوە“.
 
هەروەک ئەرکی دایکایەتی و خێزانیش بە ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم خانمانی پەیامنێر دەزانێت.
 
 
لەیلا ئەحمەد، لە کاتی روماڵێکیدا 
 
سەرئەنجامی ئەو ئاستەنگیانەی بەردەمیان رۆژ بەرۆژ لە بوارەکەدا بەروپێشچون بە کاری خانمانی میدیاکارەوە دەبینرێت، سەرشاشەی میدیاکان و گۆڕەپانی روداوە گەرمەکان سەلمێنەری ئەو راستیەن.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,940,210     ژمارەی میوان 5061

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە