ئاوازی سازی کچە گەرمیانیەک سۆزی رەچەشکێنی دەخوێنێت

2021/09/01    1293 جار بینراوە
 
*نەوژین – هاوژین مەهدی
 
لە رۆژێکی گەرمی هاوینی گەرمیان سۆزی دەنگی سازێک گوێیەکان و چاوەکان دەباتە سەرخۆی کاتێک بە دەست و پەنجەی کچێکی ناوچەکە تۆنەکانی دەخوێنێت، ئەمە دیمەنەکانی دو کچە موزیک ژەنە کە رێچکەشکێنیان کردوە و دەیانەوێت ئەو قاوغەی کۆمەڵگا دروستیکردوە بە دەوری خەونی کچان بۆ موسیک و گۆرانی بە ئاوازەکانیان شیبکەنەوە.
 
سۆراخ و پەریا، دو کچی بەرهەمەندی موسیکزانن دوای ئەوەی خولێکی موسیک بە سەرکەتوی تەواو دەکەن بەشداردەبن لە کۆنسرێتێکی هونەری، بەناوی 'شنەی ئاوازی گەرمیان'، ئەوان دانیشتوی قەزای کەلارن لە ئیدارەی گەرمیان، کە موسیک و گۆرانی بۆ کچان رێگری بەربەستی زۆرە بەشێوەیەک دەرکەوتنیان نامۆیە و تەنانەت هیچ کچێک لەم ناوچەیە تا ئێستا نەیتوانیەوە سۆزی دەنگی هەڵبڕێت و گۆرانی بچڕێت. 
 
 
 
کۆنسرێتی نەشئەی گەرمیان(٣٠/٨/٢٠٢١) قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان وێنە: سەنتەری چالاکی گەنجان
 
”دەمانەوێت ببینە سبولێک بۆ موسیکی گەرمیان“
 
پەریا سەرچڵ، بە جل وبەرگێکی کوردی سپیەوە لەگەڵ سازەکەی لەسەر تەختەی نمایشە هونەریەکەیە و ئاوازەکەی دەژەند، لە بەهاری تەمەنیەتی، ماوەی دوساڵە فێرخوازی موسیکە ئەو لەکاتی قسەکانی بۆ 'نەوژین' ئەوەی نەشاردەوە دەیەوێت بە ژەنیەکەی دڵی خەڵکی خۆشبکات، وتی: دایک و باوکم زۆر پشتیوانم بۆ ئەم کارەم، سەرەتا بە ئامێری گیتار دەستم پێی کرد، بەڵام دوای ساڵێک دەستم کرد بە ژەنینی ئامێری ساز“.
 
پەریا، هیواداربو ئەوان ببنە سومبلێک بۆ گەنجانی شارەکەیان تاوەکو هونەری ناوچەکەیان و نەتەوەکەیان بەرەوپێش ببەن
 
 
پەریا سەرچڵ، کۆنسرێتی نەشئەی گەرمیان(٣٠/٨/٢٠٢١) قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان وێنە: سەنتەری چالاکی گەنجان
 
سۆراخ ساڵح، هاوشێوەی پاریا، ئامێری ساز دەژەنێت، ئەو نایەوێت دەست بەرداری حەز و خولیاکەی بێت رۆحی تێکەڵی دونیا موسیکی سەر ستەیجەکەبوبو، دوای نمایشەکەیان قسەی بۆ نەوژین کرد، سۆراخ وتی: حەز و خولیام بۆ موسیک بەربەستەکانی تێکشکاندم، ماوەی ساڵێکە فێرخوازم لە سەنتەری گەنجان لە کەلار، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنم بە خۆم داوە بەردەوام بم لە پەرەدان بە توانا و خەونەکەم“.
 
 
سۆراخ ساڵح، کۆنسرێتی نەشئەی گەرمیان(٣٠/٨/٢٠٢١) قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان وێنە: سەنتەری چالاکی گەنجان
 
٢ کچ لەناو ١١ بەشداربو
 
کۆنسرێتەکە لەلایەن سەنتەی چالاکی گەنجان و رێخراوی هاوکاری ئەڵمانی رێکخرابو تێیدا ۱۱ فێرخوازی بەشداربون کە ۲ لەو بەشداربوانەش لە رەگەزی مێ بون.
 
نەبەز حەمید، بەڕێوبەری سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بۆ نەوژین باسیلەوەکرد: لە سەنتەرەکەمان دوای هەر خولێک هەوڵدەدەین بەرهەمەکانیان بخەینەڕو، ئەمەش دەبێتە هاندەر بۆیان.
 
وتیشی: هاتنە پێشوەی کچان لە  خولە موسیکیەکانمان هەنگاوێکی باشی بڕیوەو دەکرێت ئەمانە ببنە سەرمەشق بۆ داهاتو.
 
سۆراخ و پەریا، توانیان لە یەکەم ئەزمونی خۆیاندا وێنەیەکی جیاواز بدەن بە کۆسرێتێکی شارەکەیان وەک خۆشیان دەڵێن ئەوان بەردەوام دەبن و دەیانەوێت ببنە سبولێک بۆ موسیکی گەرمیان.
 
 
کۆنسرێتی نەشئەی گەرمیان(٣٠/٨/٢٠٢١) قەزای کەلار لە ئیدارەی گەرمیان وێنە: سەنتەری چالاکی گەنجان
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,294     ژمارەی میوان 164

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە