*نەوژین – میهرەبان سەلام
ˮژنان لە کاردا بەربەستی زۆر دێتە رێگەیان بەڵام دەبێت پلانیان بۆ کارەکانیان هەبێت و هەرگیز کۆڵنەدەن“. ئەمە قسەکانی یەکەم ژنە سەرۆک شارەوانیە لە شاری هەڵەبجە، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و دەیەوێت پارێزەری ژینگەی شارەکەشی بێت هەربۆیە لەو بوارانە چالاکیەکانی چڕکردوەتەوە.
یەکەم ژنە سەرۆک شارەوانی
كوێستان ئه كر م فەرج، لە (٢٦/٦/١٩٦٦) لە شاری هەڵەبجە لە دایک بوە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردوە ، لە ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکوک بە دەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی ٢٠٢١ بەشی زانستەکۆمەڵایەتیەکان لە زانکۆی هەڵەبجە تەواو دەکات.
لە ساڵی ١٩٩٣ لە شارەوانی هەڵەبجە وەک فەرمانبەر دەستبەکاربوە وەک خۆی دەڵێت: کارمکردوە لە شارەوانی وەک لێپرسراوی بەشی مۆڵەت و لێپرسراوی بەشی باخچەکان هەروەک ماوەی دەساڵ جێگری سەرۆکی شارەوانی بوم تاوەکو ئەو رۆژەی وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەستبەکاربوم.
دوای ٢٣ ساڵ خزمەتکردن لە ساڵی ٢٠١٦ وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەستبەکاردەبێت، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن ئەو پۆستە وەربگرێت، هاوکات ماوەی ٥ ساڵە لە پۆستەکەی بەردەوامە.
جەختدەکاتەوە قورسی زۆر هاتۆتە رێگەی، بەڵام ئەو بنەمای خزمەتی بۆ شارەکە کردوەتە ئالنگاری بۆ ئەو زەحمەتیانەی هاتونەتە رێگەی و دەڵێت: ˮوەک سەرۆک شارەوانی لە ژێر بەرپرسیارییەکی قورسدام، بەڵام هیچ شتێک نەیتوانیوە بموەستێنێت لە کارکردن و بەرەو پێش چونم“.
یەکەم ژنە سەرۆک شارەوانی کوردی ئەندامی شارەوانیەکانی جیهان
کوێستان، پلانی بۆ کارەکانی داناوە لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت هەڵەبجە وەک نمونەیەکی جوان پیشانی جیهان بدات.
ˮ شارەوانی ئیشێکی خزمەتگوزارییە ئەبێ بەتەواوی خۆتی بۆ ئامادە بکەیت، هەمو شەوێک پلانی رۆژانەی خۆم دائەنێم بۆ ئەوەی سەرەتای رۆژەکەم بە بپێ ی پلانەکانم بڕوات.
بۆ نەوژین زیاتر دوا لە بارەی بون بە ئەندامی شارەوانیەکانی جیهان وتی: تەنها هەڵەبجە لەعیراقدا ئەندامە لەو رێکخراوەدا، من نوێنەرایەتی هەڵەبجە دەکەم، بۆ ئەو بەربەستانەشی دێتە رێگەم پێم وایە بۆ هەمو بەربەستێک هەوڵ و ماندبون دەتوانێت بەسەریدا زاڵبێت“
داکۆکیکار لە مافی ژنان وژینگە پارێز
کوێستان، نەیویستوە تەنها کاری ئیداری بکات بەڵکو داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوە لە ناو حزبەکەیدا و لە رێکخراوە ژینگەیەکانیشدا رۆڵی پارێزەری ژینگە دەبینێت.
ئەو دەڵێت: ˮلە ساڵی ١٩٩٣ وەک ئەندامی یەکێتی ژنان هەڵدەبژێردرام بۆ لێپرسراویەتی لقی یەکێتی ژنان لە هەڵەبجە و ئێستاش ئەندامی فەخریم لەو لقە“.
وتیشی: ˮلەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستیەکەی زۆرم بۆ ژینگە هەیەو کار لە رێکخراوە ژینگەیەکانیش دەکەم“.
ˮدەبێت ژنان بزانن رێگەی سەرکەوتن دڕکی زۆرە“
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، پێشنیاز بۆ ژنان دەکات هەرگیز سڵنەکەنەوە لە بەربەستەکان و ئەزمون وەربگرن لە ژنانی پێشخۆیان.
ئەو دەڵێت: بۆ گەشتن بە گوڵێک دەبێت چەندین رێگەی درک و داڵ ببڕین داوا لە خانمان ئەدەکەم بەردەوام بن ئەگەر بشکەون، چونکە کەوتن هەستانەوەکەی زۆرجوانە، دەبێت ئەزمونی ژنانی پێشخۆمان بخوێنینەوە وەک نمونەی باڵای هەڵەبجە عادیلەخانمان هەیە کە ئەزمونی ئەو دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی نۆزدە.
بەهۆی کارەکەیەوە کوێستان، ژیانی تەنهای هەڵبژاردوە ئەو ئێستا لە منداڵەکانی دورە بۆ ئەوەی لە کارەکەی و بەرپرسیاریەتیەکەی نزیکبێت.
دەڵێت: من بەتەنها لە هەڵەبجە دەژیم و بەو ژیانەشم ئاسودەم ، دایکی کچ و کوڕیکم منداڵەکانم خاوەنی ژیانی خۆیانن و دانیشتوی هەڵەبجە نین، بەڵام من وا بەباش ئەزانم لە هەڵەبجە نیشتەجێبم، چونکە و کاتێک بەرپرسیاری ئەگریتە دەست ئەبێ ماڵت لەناو شاردابێ بۆ ئەوەی بەبەردەوامی ئاگاداری شار بین.