کێشەی تەندروستی هەڵەبجە کێشەی دو خانمە پزیشکە یان گەندەڵی؟

2021/06/04    1275 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
”دوای سێ رۆژ مانەوەم لەو بەندیخانەی کە ژنی داعش و بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەری تێدابو لە گەڵ چەندین کچ و ژنی بێتاون شەڕی دەرونیان لەگەڵ دەکردم تا هەڕەشەم کرد خۆم دەکوژم ئەگەر ئازادم نەکەن“.ئەمە قسەکانی 'د.باخان ئازاد'ە کە ئاسیشی سلێمانی بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستگیری دەکات، ئەگەرچی دادوەریش بڕیاری ئازادکردنی دابو، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو مادەیە یی کە پێی دەستگیرکراوە ئەرکی پۆلیسە کاری لەسەر بکات، لە بەرامبەردا وتەبێژی تەندروستی هەڵبجە تۆمەتی دزینی پارەی ٦٠ پزیشک دەخاتە ئەستۆی و دەڵێت: ”بەهۆی سکاڵایەکی من دەستگیرکراوە، چونکە هەڕەشەی لێکردوم“.
 
بۆچی ئاسایش بە شوێن 'د.باخان'ەوەیە؟
 
سەرتای مانگی شوبات و دو رۆژ پێش خانەنیشین بونی 'حسێن نوری' بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی 'د.باخان ئازاد'  بانگێشتی ئاسایشی سلێمانی دەکرێت وەک خۆی دەڵێت: ”لە کاژمێر ٩ بەیانی تاوەکو ٣ی پاشنیوەڕۆ من لەوێ قسەم لەگەڵکرا بۆ ئەوەی بەڵێنامە واژۆبکەم کە چیتر باسی گەندەڵیەکانی تەندروستی هەڵەبجە نەکەم چونکە کەسێکی نزیکی ئەو کەسەی گەندەڵیەکانیم ئاشکرا کردوە لە ئاسایشە“.
 
ئەمەش پاش ئەوەی ئەم خانمە پزیشکە چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ رای گشتی ئاشکرا کردبو، بەڵام ئەمە نەبوە هۆی بێدەنگ بونی و لە رۆژی (٢٧/٤/٢٠٢١) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەڵەبجە چەندین دۆسیەی هەستیاری پەیوەست بە تەندروستی و ژیانی خەڵکی ئەو شارەوە خستەڕو پێشکەشی داواکاری گشتی پارێزگاکەی کرد.
 
 
دوا بەداوی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە هەمان رۆژ دکتۆر سامان حسێن، وەزیری تەندروستی لە رێگەی فەرمانێکی وەزاریەوە لیژنەیەکی باڵای لەئاستی وەزارەت پێکهێنا بۆ بەدواداچون لەسەر قسەکانی.
 
لە بەرامبەردا وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا (٣/٦/٢٠٢١) رایگەیاند: دکتۆر باخان ئازاد بەهیچ شێوەیەک لەسەر ئەو قسانەی لەماوەی رابردودا کردویەتی دەستگیرنەکراوە و لەسەر سکاڵای من دەستگیرکراوە.
 
لە بارەی هۆکاری کێشەکەیانەوە د. شاناز نەقشبەندی باسیلەوەکرد ”کێشەی ئەو ئەوەیە کە من کراوم بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە، بەڵام من بە مافی خۆم ئەو پۆستەم وەرگرتوە“. 
 
دەشڵێت: ”ئەو هاتوەتە ماڵی ئێمە بە میوانی، بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی منی تۆمارکردوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوە وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێدەکات، بۆیە من سکاڵام لەسەر تۆمارکردوە لە دادگای سلێمانی و داواتر کەیسەکە رەوانەی ئاسایشی سلێمانی کراوە“.
 
 
د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە 
 
دوابەدای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە د.باخان ئازاد، تەواوی ئەو قسانەی رەتکردەو وتی: ئەوەی ئەو باسی دەکات کە من هەڕەشەی ڤیدۆی نەشیاوم لێکردوە راست نیە من ئەو کاتەی لە قۆناغی شەشی زانکۆبوم ڤیدۆکانی بڵاوبوەتەوە“.
چۆن دەستیگرکرا، وەڵامی ئاسایش بۆ قسەکانی چیە؟
 
”ئەوکاتەی ترافیکەکە سوربو تەکسیەک دەستی شاکندەوەو هاتە بەردەمم کەسێکیش بە شەپاڵە هات بە جامی سەیارەکەمداو میلی چەکەکەی لێڕاکێشام وتی ئەگەر جامەکەت دانەدەیتەوە دەتکوژم، لەگەڵ ئەوەشدا مێکزەمینێکی رەش هاتە ئەوێ“. ئەمە ئەو کاتەیە هێزێک بە جلی مەدەنی و سەربازی هەڵدەکوتنە سەر دکتۆر باخان ئازاد، دواتردەبرێتە ئاسایشی سلێمانی.
 
بەوتەی ئەم خانمە پزیشكە ئەوکاتە بەجل وبەرگی ماڵەوە چوە بەشوێن منداڵەکەیدا لە قوتابخانە بۆ ئەوەی بیهێنیتەوە ماڵەوە بۆ 'نەوژین' زیاتر وتی: دوای ئەوەی ئەو کەسە سوکایەتی پێکردم ئامادە نەبوم  جامی سەیارەکە دابەمەوە تا ئەوکاتەی کەسێکیان بە رێزەوە وتی "خانمی دکتۆر دەتوانیت جامەکە دابەیتەوە ئێمە دەمانەوێت بتبەین بۆ ئاسایشی گشتی" وتم فەرمانی دادوەرتان پێیە وتی نەخێر، بەڵام دەبێت هەرئێستا تۆببەین بۆیە روخسەتم خواست لێیان هیچ نەبێت بڕۆمە ماڵەوە خۆم بگۆڕم خۆ من تیرۆرست نیم هەڵبێم یان بکوژبم“.
 
ئەو نیگەرانە لەوەی کە چونەتە ماڵەوە دایکێکی پەکەوتەی هەیە کە ئەو دیمەنەی بینیەوە توشی شۆک بوە ئەو هێزە تەنانەت مۆبایلەکانی دایک و خوشکەشیان پشکنیوە.
 
 بە وتەی د.باخان، دواتر دەبرێتە ئاسایش و دادوەری لێکۆڵینەوە وتەی لێوەردەگرێت و پێی دەڵێت کە بەپێی مادەی ٢ خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراوە، ئەگەرچی هەر ئەوکات فەرمانی ئازادکردنی بە کەفالەتی دەدات، بەڵام ئازاد ناکرێت”شەڕی دەرونیان لە گەڵ من و خێزانەکەم دەکرد بەهەڵە ناونیشانیان پێدەدان تاوەکو من بهێڵنەوە دوای سێ رۆژ کە هەڕەشەی خۆکوشتم کردو پێم وت وەک زانای قایمقام خۆم دەکوژم بۆ ئەوەی ببن بە پەن، ئەوەبو شەوی رابردو ئازادیان کردم“.
 
 
د.باخان ئازاد، لەکاتی بەدوداچونەکانی وکۆکردنەوەی بەڵگە لەناو خەڵی هەڵەبجە بۆ ئەو دۆسیانەی داویەتی بە داواکاری گشتی، وێنە: هەژمارەی فەیسبوکی ناوبراو
 
لە بەرامبەردا ئاسایش ئامادەی قسەکردن نیە لەسەر دۆسیەکە 'نەوژین' چەند جارێک پەیوەندی بە وتەبێژی ئاسایشی سلێمانیەوە کرد لە رێگەی پەیوەندی و نامەوە بەڵام بێ وەڵام بو، بەرپرسی راگەیاندی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیش بۆ 'نەوژین'  وتی: ”ئێمە ناتوانن لێدوان بدەین ئەوە تایبەتە بە وتەبێژ ئەگەر بیەوێت لێدوان بدات“.
 
وەزارەتی تەندروستی هەڵوێستی چیە؟
 
رۆژێک دوای کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەی وەزیری تەندروستی لیژنەیەکی لە ئاستی باڵای وەزارەت پێکهێنا تا ئێستا لیژنەکە وەڵامی کۆتایی رانەگەیاندوە، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانیش دەڵێت: ”هەر لەگەڵ بیستنی دەستگیرکردنی ئەو پزیشکە دەستمان بە بەدواداچونکردوە“.
 
د.سەباح مەحمود، سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر ئەوەی بە 'نەوژین' راگەیاند: ”هەر لەگەڵ گەشتنی ئەو هەواڵە بە ئێمە پەیوەندیم بە خودی وەزیری تەندروستیەوە کرد، پێی وتم راستەوخۆ لیژنەیەکی تایبەتی راسپاردوە لە بارەی ئەم دۆسیەوە بەدواداچون بکەن“.
 
جەختیشیکردەوە ئەوان لە بەدواداچون بەردەوام دەبن بۆ راستی ئەم بابەتەو بە سزا گەیاندی لایەنی تاوانبار.
 
هەروەک د. شایان کاکە ساڵح، جێگری سەرۆکی هەمان لیژنە رایدەگەیەنێت لە بەداداچونەکانی چەند بەڵگەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەت کردوە، بەڵام وەڵامیان نیەو بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: ”دواین قسە کە بە گوێیان دادام ئەوەیە کە کێشەی شەخسی هەیە!“.
 
لەهەمان کاتدا تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، سەبارەت بەم دۆسیەیە رایگەیاند: د. باخان چالاکەوانێکی تەندروستی دیارە، ماوەیەکە ماندونەناسانە کار لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵییە و کەموکورتیەکانی تەندروستی بە گشتی و تەندروستی هەڵەبجە بە تایبەتی دەکات، ئێمە ئەم رەفتارە سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین“.
 
هەورەک داوا لە ئاسایش دەکەن رونکردنەوە لەسەر ئەم رەفتارەیان بدەن.
 
ئەو مادە یاسایەی د. باخانی پێدەستگیرکراوە ئەرکی پۆلیسە کاری لەسەربکات
 
مادەی ٢ لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ کە ئەم خانمە پزیشکەی پێ تۆمەتبارکراوە پارێزەریک دەڵێت ”ئەرکی پۆلیسە کاری لەسەربکات“.
 
پارێزەر تاڤان حەکیم، بۆ 'نەوژین'، باسی لە رێکارە یاسایەکان کرد بۆ ئەم مادەیەو وتی: ”ئەو کەسەی بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە سکاڵا دەکات دەبێت لە بنکەی پۆلیس سکاڵا بەرزبکاتەوە، لەوێ تۆمەتبار ئاگادار دەکرێتەوە و پسولەی ئاگادار کردنەوەی بۆدەچێت لەحاڵەتی ئامادە نەبونی بۆ جاری دوەم دەستگیر دەکرێت“.
 
بە گوێرەی ئەم مادەیە هەر کەسێک ئەگەر بە خراپی مۆبایل یان یان ئامێرێکی پەیوەندی کردنی بێ تەل یان تەلدار یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بەکارهێنا بۆ ماوەیاک بەند دەکرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج سالیش زیاتر نەبێت، پێبژاردنێکیش کە لە یه‌ك ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن زیاتر نەبێت یان بە یه‌كیک لەم دو عقوبەیە سزا ئەدرێت.
 
د.باخان دەڵێت ”هەوڵ هەیە کەیسەکە دیزە بەدەرخۆنەبکرێت“ تەندروستی هەڵەبجەش تۆمەتباری دەکات بە دزیکردن
 
د.باخان وایدەبینێت ئەم کارەی بەرامبەری کراوە چی دیکە دڵنیا نیە لەوەی ژیانی پارێزراوبیت، ناشیشارێتەوە هەوڵ هەیە کەیسەکەی دیزە بەدەرخۆنەبکەن، بەڵام دڵنیایی دەدات ئەو گەندەڵیانەی ئاشکرای کردوە بەڵگەی تەواو لەبەردەست هەیە بۆ ئەوەی راستی قسەکانی بسلمێنێت ئەمە لە کاتێکدایە د.شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە ئەو خانمە پزیشکە تۆمەتباردەکات بەوەی نۆ ملیۆنی 60 پزیشکی "دزیوە" بۆیە سکاڵای دیکەشی لەسەر تۆمارکراوە و دەڵێت: ”ئەو پزیشکە واژۆی بەڕێوبەر و جێگری بەرێوبەری تەندروستیی هەڵەبجەی ساختە کردوە و نۆ ملیۆنی پێ دزیوە“.
 
لە بەرامبەردا د. باخان وتی:”ئەوان بەم شێوەیە دەیانەوێت بترسم وەک پزیشکانی دیکە کە گەندەڵیان ئاشکراکردوە وڵات جێبهێڵم، بەڵام من ناڕۆم و بەردەوام دەبم“.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,761     ژمارەی میوان 1050

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە