* نهوژین، هاوژین مەهدی
ئەوان ژمارەیان٧٠ ژنە و هەفتەی یەک رۆژیان دیاریکردوە بۆ گەشتی شاخەوانی، لە گەشتەکەیاندا شاخ و دۆڵ و یاڵ و گردەکانی دەروربەری قەزای دەربەندیخان دەگەڕێن، دەچنە ئەشکەوتەکان و شوێنە دێرینەکان، ئەوان بۆ تەندروستیەکی باشتر و بینی دیمەنی جیاواز دەست بە گەشتەکانیان دەکەن.
گروپی شاخهوانى بهرانان بۆ خانمان، گروپێكى وهرزشی شاخهوانیی و پیادهڕهوییه له دهربهندیخان، كه سهرجهم ئهندامهكانى ژنن. ئهندامهكانى باس لهوه دهكهن سوده جهستهیی و دهرونیهكانى شاخڕهوى، هانیداون بۆ دروستكردنى گروپهكهیان.
شەیما عەزیز، سەرپەرشتیاری گروپی شاخهوانى بهرانان بۆ خانمان، سەبارەت بە بیرۆكهى دامهزراندنى گروپەكهیان بە نەوژینی وت: "گرنگ بو لەلام کە ژنانی قەزای دەربەندیخان چێژ لە سروشتە جوانەکەیان ببینن، بۆیه لە مانگی ١٠ى ئەمساڵەوە دەستمان به گهشتهكانمان كرد و تا ئێستا ٦ گەشتمان ئەنجامداوە".
وتیشی: لێرە ژنان بە ئاسودەی و دەرونێکی ئارامەوە دەچنە شاخڕەوی، بەدەر لەوەی کە سودێکی زۆر باشی جەستەیی هەیە.
ژنانی گروپەکە رۆشتنیان ئارەزومەندانەیە لەو رۆژانەی بۆ گەشتەکە دیاریکراوە، کاتژمێر ٦ بەیانی ئامادەن. شەیما وتیشی: ئەو رۆژەی کە رۆژی گەشتە، پێداویستی و کەلوپەلەکان ئامادەیە و هەمو فریاگوزاریەکی سەرهتایش دەبەین، هەمو ژنێکیش دەتوانێت بەشداربێت، بەڵام مەرجی تەمەنمان هەیە کە دەبێت تەمەنی سەروی ١٥ ساڵ بێت.
"ئێمەی ژنان گرنگە ئیتر بۆ خۆمان بژین"
ناوی ئەم گرپە شاخەوانیەی ژنان، بەناوی شاخێکی دەروبەری قەزاکەوە ناونراوە، بهشدارانى باس لهوه دهكهن گهشتهكان تین و وزهى زۆری پێداون.
چیمەن ئەحمەد، ٤٥ ساڵ، دەڵێت: جار دوای جار هەست بەجیاوازی زۆر دەکەم لە توانای جهستهییم، ئێمە ژنان ئیتر گرنگە بۆخۆمان بژین.
هەندێک لە بەشداربوان بۆ چێژ وەرگرتن لە سروشت و بینینی جوانی دیمەنەکانی ناوچەکە بەشداریان کردوە.
بێریڤان فاروق، خوێندکاری یانزەی ئامادەیی، یەکێکی ترە له ئهندامانى گروپهكه، وتی: تاوەکو گەشتی شاخەوانیمان نەکرد نەماندەزانی کە چەند شوێنی خۆش و دڵڕفێن لە دەربەندیخان هەیە، ئێمە دوبارە گەڕاوینەتەوە بۆ تێکەڵ بون بە سروشت.
قەزای دەربەندیخان كه لە روی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای سلێمانیە، هەڵکەوتەی سروشتی ناوازەی هەیە، لەنزیك سنوری عێراق و ئیران هەڵكەوتوە، لە باکورەوە زنجیرە چیای بەرانان، لەرۆژهەڵاتەوە چیای زمناکۆ و پاشان شاخەکانی خۆشک، بەمۆ و داڵەهۆ و لەرۆژئاوایهوه چەمی دێوانە و چیاکانی گوڵان و زەردە دهوریان داوه. روباری سیروانیش به تهنیشتی دا تێدهپهڕێت.
"بۆ ئێمە ئەمە هەم گەشتە و هەم وەرزشێکی تەندروست"
بونی لەشێکی تەندروست و زاڵبون بە سەر نەخۆشیەکانیان، یەکێکی دیکەیە لە هۆکاری بەشداری خانمان لەم گروپە.
فریشتە عهلی، ٢٩ ساڵ، گرفتی چەوری خوێنی هەیە. ئەوەی باسکرد کە بهشدارییكردنى لهم گروپه، کاریگەری باشی هەبوە بۆی، وتى: لە ماڵەوە توشی بێزاری بوین، ئەمە بۆ ئێمه هەم گەشتە و هەم وەرزشێکی تەندروست.
سەرپەرشتیاری گروپەکەش باسی گرفتە تەندروستیەکەی خۆی کرد و وتی: من پێشتر شەکرەکەم زۆر بەرز بوە، کە لەم گەشتانە بەشدار بوم رێژەکەی زۆر دابەزیوە.