نهوژین، رێناس ساڵح
یەکێتی ژنانی کوردستان، لە ٤/١١/١٩٨٩، لەشاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا، لە ٣١ ساڵەی دامەزراندنیدا دیجیتاڵ میدیای نەوژین، دیدارێکی لەگەڵ سەیوان رۆستەم، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ژنانی كوردستان سازکردوە.
* یەکێتی ژنان ٣١ ساڵ پێش ئێستا دەستی بە کارەکانی کردوە، پرسیارەکە ئەوەیە یەکێتی ژنان بە ئامانجەکەی گەشتوە؟
بەدڵنیایەوە نەگەشتوینەتە خاڵی کۆتا، چونکە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت گۆڕانکاریە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگا کە ئەمەش ساڵانێکی زۆر زیاتری دەوێت، بەڵام چەندین گۆڕانکاریمان هێنایە ئاراوە کە جێگەی دڵخۆشی زۆرە بۆ ئێمە.
بەسەربەرزیەوە دەتوانم باسی بکەم، بە وێنە گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسێتی، یاسای شەرەفپارێزی، توندوتیژی خێزانی و چاکسازی لە یاساکان کە ئەمانە لە ساڵی ١٩٩٣ـهوه کارمان بۆ کردوە.
* یەکێک لەو خاڵانەی کە یەکێتی ژنانی پێدەناسرێتەوە بونی چەندین بڵاوکراوەی رۆژنامەوانیە، دەمەوێت بزانم ئامانج لەمە چیە؟
ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بەنیسبەت ئێمەوە، چونکە تا کۆمەڵگە رۆشبیر نەکرێت ناتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین.
* کەواتە با گوزەرێک بە ئەو رۆژانە بکەین کە یەکەم بڵاوکراوەی یەکێتی ژنان بڵاوکرایەوە کەی بو و ئێستا بەردەوامن؟
یەکەم بڵاکراوەمان گۆڤاری تەوار بو کە لە شاخ بوین ئەوکات دو ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، دوابە بەدوای ئەوە بەردەوام بو تا ئەمڕۆ گۆڤارێکی وەرزیە و نزیکەی ٤٠٠ ژمارەی لێبڵاوکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٦ گۆڤاری ژیانەوەمان دەرکرد، تا ئەمڕۆ ٨٢١ ژمارەی دەرچوە. چەندین بڵاوکراوەی دیکەمان هەبوە وەک: دەنگی ژن، سێبەر، زیاد لە ٦٠ کتێبمان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بڵاومانکردۆتەوە.
* ژن و سیاسەت لە کوردستانی باشور تا ئەمڕۆ دوانەیەکی یەکسان نین و لە ناوەندی بڕیار و ستراتیژی حزبەکان، دوترێت ژنان بە فیعلی رۆڵیان نیە، کە واتە بە رای ئێوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان كه رێكخراوهكهتان باڵی ئهو حزبهیه له ناو ژنان، پێتانوایه جیاواز لە حزبەکانی دیکە هەنگاوی بۆ ئەمە ناوە؟
سەرهتا دەڵێم جێگەی شانازیە کە یەکەم حزب لە کوردستانی باشور لە سەرکردایەتیەکەی دا ژن هەبێت یەکێتیە، بەڵام بۆ بەشێکی دیکەی پرسیارەکەت کە ئایا بەشداریەکەیان فعلیە، دەبێت چاوەڕێ بکەین رۆژگار ئەوە دەردەخات.
دەمەوێت ئاماژە بەوەخاڵەش بکەم دەستکەوتیەکانی ژن لە ناو یەکێتی نیشتیمانی بۆ پشتگیری و داکۆکیەکانی بەرێز مام جەلال دەگەڕێتەوە.
* کەواتە ئایا بەرپرسی یەکەمی حزبەکان تا چەند رۆڵیان هەبوە لە بەشداری کارای ژنان لە حزبەکانیان؟
بێگومان ئەوە رۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە، ئاخۆ بەرپرسی یەکەمی حزبەکە خۆی تاچەند لە گەڵ یەکسانی جێندەری و مافی ژنە، ئەمەش بە رونی دەبینن لە حزبەکان.
* یەکێک لەو ئامانجانەی یەکێتی ژنانیش دیاریکردوە کۆتایی هێنانە بە توندوتیژی، لهلایهكى دیكهشهوه توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان بەردەوامە؟
لەناو یەکێتی ژنان، گرنگترین بەش بەشی کۆمەڵایەتی و یاسایە کە ئەگەر رۆژانە سەرێک لە رێکخراوەکە بدەن دەبینن کە چۆن ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت بە ماڵی خۆیانی دەزانن و روی تێدەکەن. ئەوەی کێشەکەی بە گفتوگۆ چارهسەربکرێت دەیکەین، ئەوەشی پێویستی بە دادگابێت لە بەشی یاسایی هاوکاری تەواوی دەکەیەن.
* بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە رێگریەکانی ئێوە چی بوە بۆ کۆتایهێنان بەم دیاردهیه؟
لە ساڵی ١٩٩٩ یەکەم شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراومان کردەوە تا ئێستا بە ئاماری فەرمی سەروی ٧٠٠ کەیس لەوێ داخلکراوە کە ئەگەر شەڵتەری لانەی ئارام نەبوایە ١٠٠ لەو ژنانە دەکوژران.
* هەر با لەم بابەتە بمێنینەوە کە قسەیەکی زۆر لەسەر رێکخراوەکان دەکرێت لە پرسەکانی کوشتنی ژنان و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت و راستەوخۆ دەترێت "رێکخراوەکانی ژنان لە کوێن"؟ ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
ئەوە گەورەترین هەڵەیە کە ئەو قسەیە دەکرێت، چونکە ئێمە کارمان هۆشیاریە و لەگەڵ داکۆکی کرد بۆ چەسپاندنی ماف بەرنامەی خۆمان هەیە.
* یەکێتی ژنانی کوردستان یەک کۆنگرەی بەستوە، لە بەرنامەی کارتان هەیە بەمزوانە کۆنگرە ببەستن یاخود ئایا ئەمە کاریگەری نەبوە لەسەر نوێبونەوەتان؟
یەکێتی ژنان بەردەوام لە نوێبونەوەیە و گۆڕانکاری دەکات، بۆ کۆنگرەش لە هەوڵداین لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنگرە ببەستین.