بەڕێوبەری ئەوقافى گەرمیان: ئیسلام دەیه‌وێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن نەک توندوتیژی

2020/10/30    1366 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
بەڕێوبەری گشتى ئەوقاف و کاروباری ئاینی گەرمیان، جەختدەکاتەوە لەوەی کە ئاینی ئیسلام بە هیچ شێوەیەک رێگە بە توندوتیژیی نادات بەرامبەر بەژنان، دەشڵێت: لە هیچ دەقێکی ئاینی ئیسلامدا نەهاتوە فەزڵی پیاو بدرێت بەسەر ژن دا.
 
لە دیدارێکی رۆژنامەی (نەوژین)دا، م.سەباح حاجی حەمەساڵح، بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیان، لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە مافی ژن و ئەوه‌ی کە رۆژانە بە ناوی ئاینەوە چەندین جۆر توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت، دەوستێت، هەروەک هەندێک "هەڵە تێگەشتن" لەوبارەیەوە دەخاتەڕو.
 
* زۆرجار لە وتارەکانی مامۆستایانی ئاینی گوێبیستی ئەو قسەیە دەبین کە دەڵێن ئەگەر ژن گوێڕایەڵی مێردەکەی نەبو ئەوا مێرد دەتوانێت تەمێی بکات بەلێدان، کەواتە ئایا لە قورئاندا بە ئایەت ئەمە باسکراوە؟ یاخود لە فەرمودەکانی پێغەمبەری ئیسلامدا ئەمە بە رونی باسکراوە؟
لە هیچ دەقێکی ئاینی ئیسلامدا باس لە لێدان نەکراوە، ئەگەر ژن لەگوێڕایەڵی مێردەكەی دەرچو و یاخی بو بەبێ پاساوی شەرعی، ئەوكاتە خودای باڵادەست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە 4 قۆناغی داناوە.
قۆناغی یەكەم: ئامۆژگاری و رێپیشاندان بەوەی كە ئامۆژگاری خێزانەكەی بكات كە گوێڕایەڵ بێت و مافی پیاوەكەی بدات بەباسكردنی بەڵگەی قورئان و سوننەت ئه‌ویش بەنەرمونیانی، جا ئەگەر سودی نەبو دەچێتە قۆناغی دوەم كە بریتیە لە دورلێگرتن لە هاوسه‌رى لەسەر جێگە و جوت بون، ئەمەش كاتێك دروستە كە قۆناغی یەكەم سودی نەبێت، ئەمەشیان دەكات بەمەبەستی ئەوەی بۆ هاوسەرەكەی دەری بخات كە لێی رازی نیە و پێویستە دیراسەیەكی حاڵی خۆی بكات، جائەگەر ئەم دو قۆناغەیش سودی نەبو ئەو كاتە قۆناغی سێیەم بەكار دێنێت کە رای جیاواز هەیە لەسە ئەم خاڵەیان کە بەشێکی زانایان و مامۆستایانی ئاینی دەڵێن لەم قۆناغەدا وشەی "ضرب" بە مانای لێدان هاتوە، بەڵام ئەم وشەیە لە زمانی عەرەبیدا چەندین مانای دیکەی هەیە، یەکێک لەو مانایانە بەواتای دەستگرتن و هاوکاربونیەتی، کە ئێستا رای بەشێك لە زانایان ئەوەیە کە ئەم تەفسیرە دروستتر بێت، چونکە ئیسلام ئاینێکی ئاشتیخوازە و دەیه‌وێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن نەوەک توندوتیژی.
 
* له‌مه‌سه‌له‌ى باڵاده‌ستى پیاوان یان فه‌زڵی پیاو به‌سه‌ر ژن، بۆ ئه‌وه‌یان چی ده‌ڵێن؟
یەکێک لەو بەڵگانەی کە هەمیشە بەرامبەر بە ژنان بە کاردەهێنرێت و پێیان دەوترێت فەزڵی پیاو دراوە بەسەرتاندا لە ئاینی ئیسلامدا، ئەو ئایەتەیە كه‌ ده‌ڵێت: [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللَّهُ وَاللاَّتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً] النساء: 34.
بۆ تەفسیرەکەشی دەڵێت: پیاوان مافی بەڕێوەبەرێتیان بەسەر ژنانەوە هەیە، دەتوانن چاودێریان بكەن، ژنانیش دەبێ بە پێی پلان و نەخشەی ئەوان رەفتار بكەن تا لەسنوری شەرعدابێت، ئەم بەڕێوەبەرێتیەش بۆیە دراوە بە پیاوان، چونكە خودا فەزڵی هەندێكی داون بەسەر هەندێكی تریاندا، چونكە جه‌ستە و لاشەیان توندوتۆڵتر و بەهێز ترە لە ژنان.
 

 *بەمپێیە بێت پیاوان فەزڵیان دراوە بەسەر ژناندا؟ کەواتە ژن بە پلە دو دادەنرێت لە ئاینی ئیسلامدا؟
ئەم ئایەتە ماناکەی تەواو ناکەن بۆیە وادەردەکەوێت فەزڵی پیاو درابێت بەسەر ئافرەت دا، بەڵام کە ئایەتەکە بەتەوایی بخوێنینەوە تەفسیری زانایان بۆی بەمشێوەیە کە هەرکاتێک پیاو کاری کرد و بژێوی خێزانەکی دابینکرد، ئەوە گەورەی ماڵە، ئەگەر کچێک کاربکات و خێزانەکەی بژێنێت بەهەمانشێوە ئەو کچە لەو خێزانە دەبێتە گەورەی ماڵ، بۆیە ئەمە هەم بۆ ژنی ئەو خێزانە و کوڕی ئەو خێزانەش هەر راستە، بۆیە لێردا دەردەکەوێت کە بۆ مەبەست هەندێک کەس تەفسیری تەوای ئەو ئایەتە ناخەنەڕو، ئەگینا بەهیچ شێوەیەک لە قورئاندا فەزڵی کەس نەدراوە بەسەر کەسێکی تردا "پیاو به‌سه‌ر ژن دا" جگە لەو کەسەی کە زیاتر بڕوادار و لە خواترسە لە چاو کەسێکی دیکەدا، ئەویش لە رۆژی قیامەتدایە.
 
* كه‌وایا بۆچی رێگرى ناكه‌ن له‌و مه‌لایانه‌ى كه‌ هانى توندوتیژی و باڵاده‌ستكردنى پیاو به‌سه‌ر ژنان دا ده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ى وتار و مینبه‌ره‌ ئاینیه‌كانه‌وه‌؟
وەزارەتی ئەوقاف لە تەواوی بەڕێوبەرایەتیەکان لیژنەی دروستکردوە و خودی وەزیر سەرپەرشتی گشتی لیژنەکانە، کاری ئەم لیژنانە بەدواداچونە بۆ وتارەکان بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئاینی مینبەرەکان بۆ کاری دیکە بەکارنەهێنن وەک دروستکردنی توندوتیژی خێزانی یاخود هەر جۆرە وتارێکی دیکەی دور لە دین و ئاکارەکانی.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,740     ژمارەی میوان 2882

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە