* نەوژین
ئەمڕۆ ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ، لە سەر شەقامی سەرەکی کەلار- کفری بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، بکوژەکەیشی دوای نیو کاتژمێر لە هەڵهاتنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا.
نیوەڕوی ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٧ـی تەموز)، لە سەر شەقامی سەرەکی کەلار- کفری لە سنوری ناحییەی سەرقەڵا، بە دەستڕێژی گوللە ژنێک کوژرا.
لەبارەی وردەکاری روداوەکە، دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەم دو کەسە کە ژنەکە بەناوی (هـ - ح - ب)ـە و ئامۆزای تۆمەتباری سەرەکی روداوەکەیە، پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی هەبوە لەنێوانیاندا، هەروەک سکاڵاش لەنێوانیان هەبوە.
وتیشی: ژنەکە لای ئەو تاسەیەی کە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە، کاری دەستگێڕیی کردوە، هەروەک لەدوای بەرکەوتنی فیشەکەکان ژنەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی گەرمیان: ژنەکە تەمەنی ٢٩ ساڵ بوە.
لەدوای روداوەکە، پۆلیسی گەرمیان لەبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتوە: ژنەکە لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٦، خەڵکی شارەزور بوە و لە ناحییەی رزگاریی دانیشتوە، لەدوای گەیشتنمان بە شوێنی روداوەکە تەرمەکەمان رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کرد و پاشان دەستمان بە لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی و هۆکارەکانی پشت روداوەکە کرد.
ئاسایش: نیو کاتژمێر پاش روداوەکە، بکوژمان دەستگیرکرد
دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی، دوای کاتژمێرێک لە روداوەکە، وێنەی تۆمەتباری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: تۆمەتبارەکە بە چەکی جۆری دەمانچە تەقەی لە ژنەکە کردوە، هەروەک دوای روداوەکە هەڵهاتوە، بەڵام توانیمان لە ماوەیەکی کەمتر لە نیو کاتژمێردا و لە نزیک ناحیەی نەوجول دەستگیری بکەین، پشت راستیشیکردەوە: روداوەکە بەهۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی بوە.