* نەوژین
لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری دا، رێکخراوێک ئاشکرایدەکات لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ پێشێلکاری بەرامبەر ٣١ رۆژنامەوان کراوە کە ٦ـیان ژنن.
ئەمڕۆ ٣ـی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ـە، بەو بۆنەیەوە رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئاماری پێشێلكارییەكانی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و تێیدا داتای پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنوس و دەزگا میدیاییەکان خستوەتەڕو.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە؛ لەماوەی ئەو چوار مانگە دا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر (١٤) ده‌زگایی میدیایی و (٣١) رۆژنامەنوس کراوە، هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە بە نەوژینی وت: لەنێو ئەو ٣١ رۆژنامەنوسەی پێشێلکاری بەرامبەریانکراوە، ٦ـیان ژنن.
بەپێی ئامارەکە، ٩ لەو رۆژنامەنوسانە، بەهۆی گازی فرمێسک رێژەوە ته‌ندروستیان تێكچوە و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون، ١١ رۆژنامەنوس رێگەیان پێنەدراوە روماڵ بکەن و سوکایەتیان پێکراوە، ٦ رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و ٤ تیمی ده‌زگایی راگه‌یاندن له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانەوە لە بازگه‌ی دیگه‌ڵه رێگریان لێكراوە بگه‌ڕێنه‌وه شاری هه‌ولێر .
پێشلکارییەکان سەرجەمیان بۆ هەردو روداوی؛ خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بازگەی دێگەڵە لە رۆژی (٩ـی شوباتی ئەمساڵ) و هێرشکردنە سەر خێمەی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شەوی (٢٤ـی شوبات) دەگەڕێنەوە.
سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران، رونیکردەوە: سێ ژنە رۆژنامەنوس لە بازگەی دێگەڵە بەهۆی گازی فرمێسک رێژ تەندروستیان تێکچو و رەوانەی نەخۆشخانە کران و سێی دیکەیان لە خۆپیشاندانەکانی عەربەت رێگری لە روماڵیان کرا و سوکایەتیان پێکراوە.
لە راپۆرتەکە دا هەروەها هاتوە: پیشیلكارییه‌كان له‌لایه‌ن هیزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان به پلەی یه‌كه‌م دێت و فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت بە پلەى دوەم دێن، بەهۆی جیاکاریی و پێنەدانی زانیاری بە زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندن.
ئەوەش هاتوە: له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، رێگه‌نادرێت به ئازادیی رۆژنامه‌نوسان كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن و زانیاری به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌مه‌ش به واتای به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی مافی راده‌ربڕین دێت له ناوچه‌کەدا.