* نەوژین
کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوی خوشکان کۆتایی پێهات، پەیڕەوی ناوخۆ هەموارکرایەوە و پۆستە کارگێڕیەکانیش گۆڕانکاریان تێداکرا، تریفە جەلال کە وەک سکرتێری نوێ هەڵبژێردراوە، باسلەو حەوت خاڵەکە دەکات کە وەک ستراتیژی کاری نوێی رێخراوەکە دیاریان کردوە.
بە دروشمی ‘پێگەی شایستەی ئافرەت، زامنی ئێستا و ئایندەی خێزان و کۆمەڵگەیە’ نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتوی خوشکان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو، لە کۆنگرەکە دا کە (٢٦٦) کەس ئامادەبون، جگە لە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سکرتێری رێکخراوەکە کرا و ‘تریفە جەلال’ وەک سکرتێری نوێ رێکخراوەکە هەڵبژێردرا.
لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی کۆنگرە و هەڵبژاردنی وەک سکرتێری نوێ، تریفە جەلال بە نەوژینی راگەیاند: بۆ پۆستی سکرتێر تەنها کاندید بوم هیچ رکابەرێکم نەبو و بە زۆرینەی دەنگی رەها بوم بە سکرتێر، بەڵام بۆ پۆستەکانی دیکەی نێو رێکخراوی خوشکان ١٥ کاندید هەبون بۆ ٧ پۆست.
زیاتر وتی: بۆ بون بە سکرتێر چەند مەرجێک هەبون، ئەزمونی حەوت ساڵ کاری لە بواری ژناندا هەبێت و ئەندامی یەکگرتوی خوشکان بێت، بۆ پۆستەکانی تریش بەپێی پسپۆریان لە بوارەکەدا هەلبژێردراون، حزبی یەکگرتو چەند پەیرەوێک و دروشمیکی هەیە ومنیش ئەمەوێت درێژە بەم پەیرەوانە بدەم.
لەبارەی پلانیان بۆ چوار ساڵی ئایندەی رێکخراوەکە، سکرتێری نوێ باسیلەوەکرد: گەشەدان بە توانا و لێهاتویەکانی ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا، پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە بەڕێوەبردن و ناوەندەکانی بڕیاردا، کاری لە پێشینەمان دەبێت. هەروەها چەسپاندنی رۆڵی شایستەیان لە روانگەیەکی ئیسلامیی میانەڕەوەوە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە لێکەوتە نەرێنییەکانی کلتوری نامۆ و پاراستنی کلتوری خۆماڵی، پابەندبون بە بەهاباڵاکان و پاراستنی خێزان وەک یەکەی بنەڕەتی پێکهاتەی کۆمەڵگە و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەیی، خاڵەکانی دیکەی نێو ستراتیژی داهاتوی رێکخراون.
ئاماژەی بەوەشکرد: گۆڕانکاری گەورە لەڕێگەیە، گەنجان هاتنە پێشەوەیەکی باشیان بۆ نێو رێکخراوەکە هەیە و بەشێک دەبن لە گۆڕانکارییەکان.