* نەوژین
باوکی ‘ئاڤان’ ئەو ژنە تەمەن ١٧ ساڵەی بەر لە هەشت مانگ بە سوتان گیانی لەدەستدا، ئاشکرایدەکات، لەسەر دۆسیەی کچەکەی هەشت مانگە زاواکەی، دایکی، باوکی و ئەو ژنەی کە پەیوەندی لەگەڵ زاواکەی هەبوە لە زیندانن.
بەیانی ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەم لەبارەی کەیسی ‘ئاڤان جەزا’ ئەو ژنە تەمەن ١٧ ساڵەی نیشتەجێی گەڕەکی کازیوە لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، کە بە سوتان گیانی لەدەستدا.
روداوەکە بۆ هەشت مانگ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شەوی (٦ـی حوزەیران ـی ٢٠٢٤) بو، کاتێک هەواڵی سوتانی ئاڤان بڵاوکرایەوە، وترا گوایە خۆی سوتاندوە، بەڵام هەر زو باوکی لە راگەیاندنەکانەوە دەرکەوت و بەتایەبەت بە نەوژینی وت: کچەکەم لەلایەن هاوسەرەکەیەوە پاش ئەشکەنجەدانی بۆماوەی چەند مانگێک سوتێندراوە.
ئەمڕۆ لەدوای دانیشتنی یەکەم، دایک و باوکی ئاڤان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا تێیدا باوکی ئاڤان (جەزا وەیسی) وتی: لەسەر دۆسیەکە ماوەی هەشت مانگە، زاواکەم، باوکی، دایکی و ژنێک کە پەیوەندی لەگەڵ زاواکەم بوە دەستگیرکراون.
لەبارەی ئەنجامی دانیشتنەکەشەوە وتی: ئەمڕۆ سێ شایەتمان قسەی بۆ دادوەر کردوە، پاشان دانیشتنەکە بۆ رۆژی ١٧ـی مانگی داهاتو دواخراوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا دایکی ئاڤان قسەیکرد و وتی: کچەکەم لە نەخۆشخانە بەر لە مردنی قسەی بۆ کردم و باسی لە هەمو ئەو ئەشکەنجانە کرد کە لەلایەن ماڵی هاوسەرییەوە بەرامبەری کرابو، بۆیە داوای سزای لەسێدارەدان بۆ هەرچواریان دەکەم.
ئەمە و هاوسەری ئاڤان و کەسوکارەکەی، هێشتا ئەوە رەد دەکەنەوە ئەوان ئاڤانیان ئەشکەنجەدابێت یان سوتاندبێتیان، دەڵێن: ئاڤان باری دەرونی تەواو نەبوە و بەوهۆیە ئاگری لەخۆی بەرداوە و سوتاوە.
ئاڤان، لەکاتی سوتانی دوگیان بو بە دوانەیەک، بەر لە سوتانی پزیشک هەواڵی گیان لەدەستدانی دانەیەکیانی پێدابو و بەهۆی سوتانەکەیشیەوە جگە لەخۆی کۆرپەکەی دیکەی نێو سکیشی لەدەستدا.