ماڵی زەینەب خان لە سلێمانی.. ماڵی ژنانی ئەدەب دۆست

2025/01/17    105 جار بینراوە


* نەوژین

لە سلێمانی ماڵێکی تایبەت بە ژنانی ئەدەب دۆست هەیە، تێیدا ژنان دەتوانن کۆڕە شیعریەکانیان ئەنجامبدەن، یەکێک لە سەرپەرشیارانی ماڵەکە دەڵێت: دەرگای ماڵەکە بۆ ئەو پیاوانەش کراوەیە، کە قسە لەسەر نوسینی ژن دەکەن.

ماڵەکە بەناوی ‘ماڵی زەینەب خان’ ـەوە و لەلایەن چوار ژنەوە سەرپەرشتی دەکرێت، شەیدا مەعروف، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ماڵەکە، بە نەوژینی وت: ماڵەکە تایبەتە بەو ژنانەی لەبواری ئەدەب و رۆشنبیری دەنوسن و کاردەکەن، مەبەستمانە لێرەوە خزمەت بە بوار ئەدەبی ژنان بکەین.

ناوی ماڵەکە لەناوی‘زەینەب رەوف‘ ـەوە وەرگیراوە، کە ژنێکی سیاسی و شاعیرێکی خەڵکی کۆیە بوە، ناوەرۆکی شیعرەکانی زیاتر نیشتمانی، ئایینی، دڵداری، وەسفی سروشت بوە، ساڵی ١٩٠٠ لە کۆیە لەدایکبوە و ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردوە، خوشکی شاعیری کورد‘دڵدار‘  بوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی ناوی زەینەب خان بۆ ماڵەکە، شەیدا وتی: زەینەب خان ژنێکی بوێر، ئازاو، خاوەن بیرکردنەوەیەکی ژنانی خۆی بو و پێشەنگی خەباتی ژنانی کردوە، ئێمە وەک رێزێک بۆ مێژوەکەی ناوی ئەومان لە ماڵەکە ناوە.

لەنێو ‘ماڵی زەینەب خان’ دا، کۆڕی شیعری یان فکری ژنانی ئەدەبی ئەنجامدەدرێت، شەیدا وتی: جگە لە ژنان گەر پیاوێکیش بیەوێت قسە لەسەر نوسینی ژن بکات، دەرگای ماڵی زەینەب بۆی کراوەیە و رێگە بە کۆڕەکەی دەدرێت.

ماڵەکە لەشاری سلێمانییە، لەلایەن بەرهەم کاکە زاڵ ـەوە دامەزراوە، دروشمی ماڵەکە ئاشناکردنی ژنانی ئەدەبیە بە کۆمەڵگە، ئەوەش لەڕێگەی ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی شیعری و ئەدەبی بۆیان.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,103,428     ژمارەی میوان 4051

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە