* نەوژین
لە شارباژێڕ کچێک بە فیشەک گیانی لەدەستدا، پۆلیسیش دەڵێت: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کچەکە کوژراوە، لەسەر روداوەکەش هێشتا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.
شەوی رابردو یەکشەممە (٢٢ـی کانونی یەکەم)، تەرمی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بردراوەتە پزیشكی دادی سلێمانی کە ئاسەواری فیشەكی پێوەبوە.
لەبارەی روداوەکە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە نەوژینی راگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتوە کچەکە کوژراوە، وەک پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ روداوەکە کردوەتەوە.
زیاتر وتی: بەڵام هێشتا لەسەر روداوەکە هیچ کەس دەستگیرنەکراوە، چاوەڕێی وتەی كەسوكاری و فەرمانی دادوەر دەكەین، هەركەسێك تۆمەتبار بێت بە ئەنجامدانی تاوانەکە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت.
روداوەکە لە لە گوندی موسەكی سەر بە ناحیەی سیوەیل لە سنوری شارباژێڕ رویداوە. کچەکە ناوی (س.ا)ـە تەمەنی ١٦ ساڵ بوە و بەخێزانی پیشەیان مەڕدارییە.