* نەوژین
بەپێی ئامارێکی فەرمی لەنێو پارێزگاکانی عێراق، پارێزگای هەولێر زۆرترین ژنی توشبوی بە شێرپەنجە هەیە، باوترین جۆری شێرپەنجەش لەنێو ژنان شێرپەنجەی مەمکە.
ئەمڕۆ شەممە (٩ـی تشرینی دوەم)، ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق ئاماری ساڵی رابردوی توشبوانی شێرپەنجەی لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە سێ باوترین جۆری شێرپەنجە بریتین لە؛ شێرپەنجەی مەمک، قۆڵۆن و بۆری هەناسە و سیەکان.
رێژەی توشبونی ژنان لەنێو سێ جۆرە باوەکەی شێرپەنجە بەمشێوەیە؛ کۆی گشتی توشبون بە شێرپەنجەی مەمک (٨٨٤٩) کەس بوە، لەو ژمارەیە (٨٧٠٨)ـیان ژن بون، کۆی گشتی توشبون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن (٣١٠٨) کەس بوە، لەو ژمارەیە (١٥٠٢)یان ژن بون و کۆی گشتی ژمارەی توشبون بە شێرپەنجەی بۆری هەناسە و سیەکان (٣٠٢٠) کەس بون و ٨٩١ـیان ژن بون.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنەکە، زۆرترین ژمارەی ژنانی توشبوی شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێرە، کە لە هەر ١٠٠ هەزار ژن (١٥٩.٥)ـیان توشی شێرپەنجە بون. لە پارێزگای کەرکوکیش کەمترین توشبو هەیە، لە هەر ١٠٠ هەزار ژنێک، (٥٧.١)ـیان توشی شێرپەنجە بون.