* نەوژین
پرسێکی هەستیار کە رەنگە ببێتە جێی یاریی بەشێک لە قەوارە و لیستەکان، پرسی بەرکەوتەی کۆتای ژنە بۆ هەر یەکێک لە قەوارە سیاسیەکان. لەم بابەتەدا سەرنج دەخەینە سەر چۆنیەتی هەژمار کردنی کۆتای ژن لەم هەڵبژاردنە.
د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوتری پارلەمانی کوردستان، شیکارییەکی وردی لەبارەی کۆتای ژن لە پارلەمانی کوردستان کردوە، بەمشێوەیە؛
بەپێی مادەی (٢٢- ١)ـی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـی ساڵی ١٩٩٢ـی هەموارکراو، نابێت ژمارەی ئەندامانی ژن لە پارلەمانی کوردستان لە (٣٠%) کەمتر بێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رێکخستنی چۆنییەتیی دابەشکردنی کورسییەکان و گۆڕینی ئەندامانی پارلەمانی کوردستان، پەیڕەوی ژمارە (٩)ـی ساڵی ٢٠٢٤ـی دەرکردوە کە لە (مادەی سێیەم) دا ئاماژەی بە چۆنییەتی دیاری کردنی کورسیی کۆتای ژن بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کردوە بەشێوەیەک کە دەستەبەری لانی کەم (٣٠%)ـی ژمارەی ئەندامانی پارلەمان بکات بەم شێوەیە:
١- ئەگەر کۆتای ژن لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن دەستەبەر بو، ئەوا هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکرێت.
٢- ئەگەر بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن کۆتای ژن دەستەبەر نەبو، ئەوا پیاوێکی سەرکەوتو یان زیاتری هەر لیستێکی کراوە ئەگۆردرێت بە ژنێک یان زیاتری هەمان لیست کە سەرنەکەوتون و زۆرترین دەنگیان لە ناو کاندیدە ژنەکان بەدەست هێناوە بە سێ قۆناخ کە بەدوای یەکدا دێن و پێویستە هەر قۆناخێک تەواو بکرێت، ئەگەر هێشتا پێویست بو قۆناخی دوای ئەوە ئەگیرێتە بەر بەم رێکارانە:
- بەرکەوتەی کۆتای ژنی هەر قەوارەیەک لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بە دابەش کردنی ژمارەی ئەو کورسییانەی بەدەستی هێناوە بەسەر (٣) دیاری ئەکرێت، بەڵام ژمارەی دوای فاریزە هەژمار ناکرێت.
- ئەگەر ژمارەی کورسیی کۆتای ژن بە قۆناخی (یەک) تەواو نەبو، ئەوا کورسیی دوەمی ئەو قەوارانەی دو کورسییان بەدەست هێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان ئەکرێت لەو قەوارانەی دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
- ئەگەر پاش ئەو دو قۆناخەی سەرەوە هێشتا کۆتای ژن دەستەبەر نەبو، ئەوا کورسیی ئەو لیستە کراوانەی یەک کورسییان بە دەست هێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان ئەکرێت لەو قەوارانەی کە دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
٣- ئەو ژنانەی بە دەنگی خۆیان دەرئەچن جا چ لە لیستە کراوەکان بن یان لیستە تاکەکەسییەکان، لە ریزی کۆتای ژن هەژمار ئەکرێن.
٤- کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە سیستمی کۆتای ژن هەڵاوێرد ئەکرێن.
٥- کۆمسیۆن لە خشتەی چۆنییەتیی دابەش کردنی سەد کورسییەکەی پارلەمانی کوردستان لە مادەی (٢- دوەم)ی پەیڕەوی ژمارە (٩)ـی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی کورسیی کۆتای ژنیشی دیاری کردوە بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کە سەرجەمی ئەکاتە (٣٠) کورسی .
بە رەچاو کردنی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ئەگەر دەرەنجامەکان هەر وەک دەرەنجامە بەراییەکان بن و گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسیی لیستەکان دروست نەبێت، ئەوا بەرکەوتەی کۆتای ژنی لیستەکان بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکەی هەرێم بەم شێوەیەیە:
بازنەی سلێمانی:
- ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣٦.
- لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١١ (دەبو لانی کەم ١٢ کورسی بێت بەڵام لە خشتەی مادەی ٢- دوەمی پەیڕەوەکە ١١ نوسراوە).
خشتەی کاندیدانی بازنەی سلێمانی بەمشێوەیەی لێدێت
بازنەی هەولێر:
- ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣٢.
- لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١٠ (دەبو لانی کەم ١١ کورسی بێت بەڵام لە خشتەی مادەی ٢- دوەمی پەیڕەوەکە ١٠ نوسراوە).
خشتەی کاندیدانی بازنەی هەولێر بەمشێوەیەی لێدێت
بازنەی دهۆک:
- ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٢٤.
- لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ٨.
خشتەی کاندیدانی بازنەی دهۆک بەمشێوەیەی لێدێت
بازنەی هەڵەبجە:
- ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣.
- لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١.
خشتەی کاندیدانی بازنەی سلێمانی بەمشێوەیەی لێدێت
وەرگیراوە لە ماڵپەڕی درەو میدیا