تاکە کورسییەکەى کۆتاى ژنان لە هەڵەبجە چۆن یەکلادەکرێتەوە؟

2024/10/16    1622 جار بینراوە


* نەوژین
 
لەکۆی سێ کورسی پارلەمان کە بۆ بازنەی هەڵەبجە دیاریکراوە، کورسیەکیان تایبەت بە ژنانە، بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆن یەکلا کردنەوەی کورسیەکە بۆ لایەنێک بە دو شێواز دەبێت.

بازنەى پارێزگاى هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پارلەمانى کوردستان، سێ کاندیدى دەرچوی دەبێت بۆ پارلەمان، دو پیاو و ژنێک، پرسیارەکە لەسەر کۆتاى ژنانە کە چۆن یەکلایى دەکرێتەوە.

بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کورسی کۆتای ژنان لە هەڵەبجە لەنێو ئەو لیستانەدا یەکلایى دەکرێتەوە کە کورسى دەبەنەوە، بەڵام ئەگەر لیستێک لە کورسییەک زیاترى بردەوە، ئەوا راستەوخۆ کۆتاى ژنان لەو لیستە دەبێت. 

گەر ئەوە بەدی نەهات و سێ لیست یەکى یەک کورسیان بردەوە، ئەوا کۆتاى ژنان لەو لیستە دەبێت کە کەمترین دەنگى هێناوە.

کۆى گشتى دەنگدەرانى بازنەی هەڵەبجە، ٦٠ هەزار و ٢٥٢ دەنگدەرە، کە ٥٩ هەزار و ٣٠٠ کەس لە هەڵبژاردنى گشتى دەنگ دەدەن و ٩٥٢ دەنگدەریش لە دەنگدانى تایبەت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە چوار بازنەیە و هەر پارێزگایەک و بازنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ژمارەی ئەو کورسیانەی بۆ بازنەکان دیاریکراون جیاوازن، بەشێوەیەک؛ بازنەی سلێمانی ٣٦ کورسی بۆ دیاریکراوە لەم ژمارەیەش ١١ کورسی وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە، بازنەی هەولێر ٣٢ کورسی دەبێت، ١٠ـیان بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە، بازنەی دهۆک ٢٤ کورسی دەبێت، ٨ـیان وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە و بازنەی هەڵەبجەش ٣ کورسی بۆ دیاریکراوە و یەک کورسیان بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,314     ژمارەی میوان 1655

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە