* نەوژین، سومەیە ساڵح
د. شنۆ زاهیر، دەیەمین کتێبی خۆی کە کتێبێکی وەرزشیە بڵاوکردەوە و ئاماژەبەوەدەکات: مامۆستایانی بنەڕەتی دەتوانن وەک پڕۆگرامی خوێندن بەکاریبهێننەوە.
کتێبەکە بەناوی (پەروەردەی وەرزش ١-٦ بنەڕەتی)ـە و پ.ی. د. شنۆ زاهیر نوسیویەتی کە مامۆستای کۆلێژی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکانی زانکۆی سلێمانیی و هاوکات وەرزشکارێکی دێرینی شارەکەیە.
لەبارەی بیرۆکەی نوسینی کتێبەکەوە، بە نەوژینی وت: بیرۆکەکەم لەو روانەگەیەوە بۆ هات، کە بینیم لەنێو سیستمی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندنی وانەی وەرزش بۆ پۆلەکانی (١ بۆ ٦)ـی بنەڕەتی بونی نییە، لەکاتێک دا پڕۆگرامی پەروەردەی وەرزش بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە.
رونیکردەوە: کتێبەکە دەبێتە هاوکارێکی باش بۆ مامۆستایانی وانەکە، چونکە بەشێوەیەک نوسیومە، ناوەرۆکەکەی پێکدێت لە؛ بابەتی تیۆری، پراکتیکی، چالاکی وەرزشی یارییە بچوکەکان و پلان و هەڵسەنگاندن (پلانی مامۆستا، چۆنیەتی هەژمارکردنی نمرەی فێرخواز).
کتێبەکە لەدوتوێی (١٢٨) لاپەڕەدایە، نوسەر پێی وتین: لەرۆژی ناساندنی لەشاری سلێمانی بە چەندین مامۆستای شارەکەمان بەخشی، هەروەک گەیاندومەتە دەستی چەندین مامۆستا لە شارباژێڕ و دەمەوێت بیگەیەنم بە دەستی سەرجەم مامۆستایان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش.
نوسەر خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی فیسۆلۆژیای راهێنان، پێشتر یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەی باسکەی عێراق بوە و ماوەی چوار ساڵیش یاریدەدەری راهێنەری هەلبژاردەکە بوە، لە ئاستی هەرێمیش خاوەنی چەندین دەستکەوتی وەرزشیە و کاری راهێنەری بۆ هەردو یانەی نەورۆز و ئەفرۆدێت کردوە.
کتێبەکە دەیەمین کتێبی ئەم خانمە نوسەر و وەرزشوانەیە، وەکخۆی دەڵێت: سەرجەمیان لەبواری وەرزشین و پێنجیان تایبەت بە پەروەردەی وەرزشن و پێنجەکەی دیکەیان زانیاری وەرزشی گشتین کە هەموان دەتوانن بیخوێننەوە و سودی لێوەربگرن.
ناونیشانی کتێبەکان بریتن لە: زانستی فیسۆلۆژیای راهێنان، گۆرەپان ومەیدان، پزیشکی وەرزشی، زانستی وەرزش وتەندروستی لەش، وەرزش بۆ چارەسەری نەخۆشیەکان، پەروەردەی وەرزشی (بنەما-تیۆری- پراکتیکی)، پەیوەندی وەرزش وئابوری وسیاسەت، فسیۆلۆژیای وەرزشی، وەرزش بۆ خانمان، پەروەردەی وەرزش (١-٦) بنەرەتی.