* نەوژین، بەنان فاروق
د.بەسمە محەمەد، ئاشکرایدەکات بەشداری سیاسی ژنان لە هەرێم وەک پێویست نییە، دەشڵێت: ژنان گەر بەشداری سیاسی نەکەن، لە بوارەکانی دیکەش دا کەموکورتیان دەبێت، باسلەوەش دەکات: ئەو ژنە کاندیدانەی سەردەکەون و کورسی پارلەمان مسۆگەر دەکەن پێویستە بزانن دو ئەرک لەسەر شانیانە؛ کاربکەن بۆ ژنان بەتایبەتی و بۆ کۆمەڵگە بە گشتی.
د.بەسمە محەمەد حەبیب، سەرۆکی رێکخراوی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق و کۆمیسیاری پێشوی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق، لەم دیدارەی نەوژین دا دەبارەی بەشداری سیاسی ژنان و گرنگی بەشداری ژنان لەم هەڵبژاردنە قسەی بۆ کردوین.
- بەژداری ژنان لە کایەی سیاسی، رێکخراوی سیاسی و کاندیدیبونیان بۆ پارلەمان تاوەکو چەند گرنگە؟
بەژداری سیاسی ژنان زۆر گرنگە، بەتایبەتی گەر وەک کاندید خۆیان هەڵبژێرن بۆ هەڵبژاردنەکان، زۆر گرنگە ئەو ژنانەی خۆیان کاندید دەکەن پێشتر کاری رێکخراوەییان کردبێت، چونکە توانایان هەیە و بێلایەنن، پسپۆرن، و هەڵسوکەوت و چالاکییان زیاترە.
- بەشداری ژنان لە بواری سیاسیدا لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێک دا دەبینیت؟
ژنی سیاسیمان هەیە ئێمە، بەڵام کەمن و وەک پێویست نین، ئەوەشی وایکردوە بەو رادەیە زۆر نەبن بەشێکی پەیوەندیدارە بە نەبونی کۆتای ژنان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری، لە پارلەمانی کوردستان کۆتا هەیە ئەمە شتێکی باشە، هەرچەندە ئێمە لەسەر ئەوانەش قسەمان هەیە، چونکە ئەو ژنانە ئیشیان لەسەر ئەوە نەکردوە رێژەی ژنانی سیاسی لە هەرێم زیادبکرێت.
- ئاستی ئەو ژنانەی ئێستا لە سیاسەتدا کاردەکەن چۆن دەبینیت؟ ئایا توانای دروستکردنی کاریگەرییان هەبوە؟
ژنی زۆر باش و بەتوانامان هەیە، بەتایبەتی ئەو ژنە پارلەمانتارانەی که هۆکاربون بۆ ئەوەی هەندێک یاسای باش دەربکەن و هەندێکیش هەمواربکەنەوە، لەوانە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە پارلەمانی کوردستان، ئەمانە زۆرینەی بەهۆی ژنانی نێو پارلەمان بوە.
- بە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا چی لە رێرەوی سیاسی کوردستان دەگۆڕێت؟
ژنان نیوەی کۆمەڵگان، بەدڵنیاییەوە گەر ژنان بەشداری سیاسی نەکەن و مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەدەست نەهێنن لە بوارەکانی تریشدا کۆمەڵگا کەموکورتی دەبێت، لە سیاسیدا ژنان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن بەتایبەتیش ئەو پرسانەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، پڕۆژەی زیاتریان دەبێت بۆ ژنان، کاردەکەن بۆ ئەوەی لایەنی ئابوری ژنان بەهێز بکەن، ئەمەش وادەکات ژنان لە بوارەکانی دیکەش گەشە بکەن.
- ئاستەنگی و ئاڵەنگاریەکانی بەردەم ژنان لە سیاسەت چین؟
ئاستەنگەکان زۆرن، گەر بێینە لای لایەنی کۆمەڵایەتی تاوەکو ئێستا کۆمەڵگای ئێمە ئامادەنییە ژن وەک سەرکردە ببینێت، لە هزری کۆمەڵگای ئێمەدا وا وێنا کراوە کە سەرکردە بەس پیاوە وا هەست دەکەن کە ژن شایەنی ئەوە نییە ببێتە سەرکردە ئەمە یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانی بەردەم ژنان، عادەتەن ئەو ژنانەشی کە دەبنە سەرکردە توشی زۆر توانج و رەخنە دەبنەوە و هێرش دەکرێتە سەریان لە سۆشیاڵ میدیاکان زۆر جار رەخنە لە شتێک دەگرن وەک جل و بەرگ و شێوەی دەموچاو و چەند شتی تر کە هیچ پەیوەندی نییە بە پسپۆرییەکەیەوە.
خاڵێکی تر کە بەربەستە لەبەردەم ژنی سیاسی لایەنی ئابورییە چونکە ژنان توانای مادییان وەک پیاو بەهێز نییە بەتایبەتی لەلایەن بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، راگەیاندنیش ئاستەنگێکی ترە و بەشێوەیەکی ناشرین و نەرێنی پێناسەی ژنی سیاسی دەکەن.
بابەتێکی دیکە کە لەگەڵ خاتو بەسمە باسمان لێوەکرد، بابەتی ژن و هەڵبژاردن بو، بەوپێیەی بڕیارە لەم مانگەدا هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بچێت ٣٠%ـی کاندیدەکانیش ژنن.
- بەم پرسیارە دەستپێدەکەین، ئەم ژنانەی ئێستا کاندیدن، کە بونە پارلەمانتار چۆن دەتوانن کاریگەربن لەسەر باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان و ژنان بە تایبەتی؟
پێویستە ئەو ژنانەی کە دەبنە پارلەمانتار دو ئەرک لەسەر شانیانە جێبەجێی بکەن، کار بکەن بۆ ژنان بەتایبەتی و کار بکەن بۆ کۆمەڵگا بە گشتی، گەر بەم جۆرە کارنەکەن و خۆیان له ئەرکەکانینان بدزنەوە توشی کێشە دەبن و کاریگەر نابن.
- ژنان دەبێت لە پارلەمان چی بکەن بۆ ژن کە تا ئێستا نەیانکردوە؟
من دەڵێم ئەرکی ژنی پارلەمانتار قورسترە لە ئەرکی پیاوی پارلەمانتار، چونکە دەبێت ژنی پارلەمانتار نوێنەری ژنان بێت نوێنەری دایکان بێت نوێنەری ژنانی فەرمانبەر بێت نوێنەرایەتی ژنانی رێکخراوەکان بێت نوێنەرایەتی ژنانی لادێ و شار و شارۆچکەکان بێت بۆ ئەوەی خزمەت بە ژنان بکات و یاساکان لە خزمەتی ژناندا بێت و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان چارەسەر بکات و کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتیان گەشە پێبکات و پێشبکەوێت، لایەنە سیاسییەکانی ژنان و خەلەلەکانیان چارەسەر بکات.
- چۆن ئەمە رودەدات؛ ژنان لە پارلەمان پێشبکەون بەشێوەیەک بگەن بە ئاستێک کە ببنە جێی متمانەی هاوڵاتیان؟
پارتە سیاسییەکان دەبێت بەم کارە هەڵبستن، ئەوان پێش چوار ساڵ کە هەڵبژاردن تەواو دەبێت لەو کاتەدا کۆمەڵێک کادری ژنی باش و بەتوانا ئامادەبکەن بۆئەوەی ببنە کاندید بۆ چوار ساڵی دواتر، پێویستە هەمیشە خول و راهێنان هەبێت بۆ هەمو بوار و لایەنەکان چی لایەنی سەرکردایەتی بێت یا لایەنی پلاندانان یا لایەنی بەژداری سیاسی بێت.
- پێشبینی دەکەیت ژنان دەنگی زۆر بەدەست بهێنن لەم هەڵبژاردنە؟
ئێمە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژنان دەنگی زیاتر بەدەستدەهێنن، لە هەڵبژاردنی پێشوو کۆمەڵێک ژن بەدەنگی خۆیان کورسیان بەدەست هێنا که ئەمە زۆر گرنگە، ئەمساڵیش مایەی خۆشحاڵییە کە ژنان لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان واتە بەسەربەخۆیی خۆیان کاندید کردوە، کە ئەمە بەڕاستی ژنانی ئازا دەتوانن بیکەن، بە بڕوای من کۆمەڵگاکه ئێستا وای لێهاتوە ببینن ژنێک لێهاتووە خۆیان دەنگی پێ دەدەن بێ جیاوازی رەگەزی، هەرچەندە هێشتا دەنگدان بە ژنان وەک پێویست نییە، بەڵام لەچاو ساڵانی پێشتردا باشترە و ئومێدم هەیە دەنگی باش بەدەستبهێنن.