* نەوژین
کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، دەڵێت: کاندیدانی ژن بۆ پارلەمانی کوردستان لە سۆشیاڵ میدیا هەراسان دەکرێن، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەوان نەتوانن متمانە بەخۆیان بکەن و بەشێکی زۆریان هەست دەکەن ناتوانن نوێنەرایەتی کۆمەڵگە و حیزبەکانیان بکەن.
دوێنێ دوشەممە (١٩ـی ئاب)، کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، وۆرکشۆپێکی دەربارەی رۆڵ و پاراستنی ژنان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پارلەمانی کوردستان سازکرد.
دوای تەواوبونی ۆرکشۆپەکەش، کۆنسوڵخانە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: ئامانج لە وۆرکشۆپەکە بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگیی زیاترە لە بەهێزکردنی رۆڵی سیاسیی ژنان و دابینکردنی ئامراز و ستراتیژیی کردەیی بۆ فەراهەمکردنی بواری دیجیتاڵی بۆ ژنان و بەرەنگاربونەوەی هەراسانکردنی ئۆنڵاینە لە دژی ژنان.
وۆرکشۆپەکە بە بەشداریی کەسانی سیاسی، بەرپرسان، میدیاکاران، رێکخراوە مەدەنییەکان و پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانە دا هاتوە: سەرباری جێبەجێکردنی رێژەی ٣٠٪ـی کورسیی کۆتای ژنان، کاندیدە ژنەکان زۆرجار لە گەشتە سیاسییەکەیان دا، روبەڕوی بەربەستی توندی وەک؛ هێرشکردنە سەر توانا و شێوازی دەرکەوتنیان دەبنەوە. زۆربەی ئەمەش لەرێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت کە تێیدا هەژمارە سێبەرەکان بەشێوەیەکی بڵاو بۆ هەراسانکردن بەکاردەهێندرێن.
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە راگەیەندراوەکە دا هەروەها رەخنەی ئەوە دەگرێت کە: وەڵامدانەوەی ئەم خراپ بەکارهێنانە بەپێی پێویست نەبوە، ئەمەش بوەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی متمانەی کاندیدە ژنەکان، بەشێکی زۆریان هەست دەکەن ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر نوێنەرایەتیی کۆمەلگە و حیزبەکانیان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی کاریگەری لە پرۆسەکانی بڕیاردان.
کۆنسوڵخانە ئاشکرایشکردوە: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەربەستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی نوێی تایبەت بە پاڵپشتیکردن و پاراستنی کاندیدە ژنەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا دامەزراندوە. ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدانە کە تاکە قەوارەی حکومییە و تیشکی خستوەتە سەر مافەکانی ژنان لە هەرێم، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی سەلامەتتر و پاڵپشتیی کردنی زیاترە بۆ ژنان لە سیاسەتدا.
بڕیارە رۆژی ٢٠ـی شترینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.