* نەوژین
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی روداوی گیان لەدەستدانی (رۆژان ئیدریس)، بۆ نەوژین: شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە هەبوە، پۆلیسیش دەڵێت: بۆ دڵنیابونەوە لەچۆنیەتی روداوەکە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادین و پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ دۆسیەکە کردوەتەوە.
کاتژمێر هەشتی شەوی هەینی (١٦ـی ئاب)، لە قەزای رەواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەرمی کچە فێرخوازێکی پۆلی ١٢ بەناوی (رۆژان ئیدریس) لە نێو ژورەکەی خۆی دۆزرایەوە.
لەبارەی روداوەکە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (١٨ـی ئاب)، شەماڵ سورچی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە نەوژینی راگەیاند: هێشتا زانیاری پشت راستکراوەمان نییە کە ئایا روداوەکە خۆکوژی بوە یاخود کوژراوە، بۆ زانینی راستی روداوەکە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادین.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەش دا پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ دۆسیەکە کردوەتە و ئیفادەمان لە کەسوکارەکەی وەرگرتوە، بەڵام ناتوانیین هیچ زانیارییەک لەئێستا دا بدرکێنیین، چونکە لە لێکۆڵینەوەداین هێشتا.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە روداوەکە، کە نەیویست ناوی بهێنیین، بە نەوژینی راگەیاند: تەرمی رۆژان شوێنەواری فیشەکی پێوەبوە.
لەدوای گیان لەدەست دانیشی، لە پرسەنامەیەك دا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دوێنێ شەممە، رایگەیاند: رۆژان، کە فێرخواز بوە لە ئامادەیی شەهید حەسەن ئاغا لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بە کارەساتێکی دڵ تەزێن گیانی لە دەستداوە.