د. نوخشە: دایکان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک شیری خۆتان بە مناڵەکانتان بدەن

2024/08/02    544 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

رۆژانی (١ تاوەکو ٧ـی ئابی هەموساڵێک)، لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بە هەفتەی شیرپێدانی سروشتی ناسراوە، لە جیهان دا لەم هەفتەیە دا لەلایەن رێکخراوە تەندروستیەکانەوە، هۆشیاری تەندروستی بلاودەکرێتەوە، کە ئامانج لێی هاندانی دایکانەوە تاوەکو شیری خۆیان بدەن بە مناڵەکانیان.

بەم بۆنەیە، 'نەوژین' دیدارێکی دەربارەی شیری دایک، لەگەڵ خانمە پزیشک: نوخشە محەمەد ئەنجامداوە، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە پسپۆڕی ژنان و مناڵبون.

* دەمەوێت راستەوخۆ بەوە دەستپێبکەم، بۆچی باشترە دایک شیری خۆی بە مناڵەکەی بدات؟

باشترە و پێویستە تاوەکو دو ساڵ دایک شیری خۆی بە مناڵەکەی بدات، چونکە شیری دایک تەندروستە بۆ مناڵ، بەراورد بە هەر شیرێکی دیکە.

* ئەو سودە تەندروستیانە چین کە مناڵ وەریدەگرێت لە شیری دایکیەوە؟

سودەکان زۆرن، دەتوانم باس لە هەندێکیان بکەم، وەک ئەوەی کە پاکترە، رێژەی پڕۆتین، شەکر و کانزای بە بڕی گونجاو تێدایە، کە بۆ گەشەی کۆرپەلە بەسودە. هەروەها تایبەتمەندی شیری دایک لەوەدایە کە قۆناغ بە قۆناغ پێکهاتەی دەگۆڕێت لەگەڵ گەورەبونی تەمەنی کۆرپەلەکەدا.

ئەو شیرەی کە دایک یەکەم رۆژی لەدایکبونی مناڵەکەی دەیدات بە کۆرپەکەی پێی دەوترێت ‘ژەک’ زۆر بەسودە بۆ کۆرپەکە و هەمو ئەو دژە تەنانەی تێدایە کە ناهێڵێت کۆرپەکە توشی نەخۆشی بێت تاوەکو تەمەنی دەبێتە شەش مانگ، پاشان پێکهاتەکەی بەگوێرەی تەمەنی کۆرپەکە دەگۆڕێت.

هەروەها شیری دایک ناهێڵێت مناڵەکە زۆر قەڵەو بێت، لەروی دەرونییەوە مناڵەکە ئارامترە لە مناڵێک کە شیری قوتو دەخوات، هەروەها بەدور دەبێت لە نەخۆشی وەک ئەکزیمیا و هەستیاری و رەبۆ لە گەورەییدا.

* شیری دایک تەنها سودی بۆ مناڵەکە هەیە یاخود بۆ دایکەکەش؟

شیرپێدانی سروشتی هێندەی سودی بۆ دایکەکە هەیە، بۆ مناڵەکەی نییە، هەر لە یەکەم ساتی لەدایکبونی کورپەکەوە یارمەتی لێبونەوەی وێڵاشەکە دەدات و نایەڵێت توشی خوێنبەربون بێت، هەروەها زوتر رەحمی دایکەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ باری پێشتری، بەهۆی شیرپێدانەوە دایک کێشی زۆر دادەبەزێت و کێشی زیاد ناکات، هەروەها دایکەکە لە زۆر نەخۆشی بەدور دەبێت وەک: شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان.

* ئایا پێنەدانی شیری دایک دایکەکە توشی نەخۆشی خراپ دەکات؟

بەڵێ، پێنەدانی شیری دایک بە مناڵ ئەگەری توشبون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک، هێلکەدان و مناڵدان.

* لەڕوی تەندروستییەوە، هیچ دایکێک هەیە رێگە پێدراو نەبێت بۆ ئەوەی شیری خۆی بە مناڵەکەی بدات؟

بەڵێ، ئەو دایکانەی کە هەندێک جۆر لە دەرمان بەکاردەهێنن گونجاو نیین شیری خۆیان بە کۆرپەکەیان بدەن، چونکە دەرمانەکە دەچێتە شیرەکەیانەوە و زیان بە تەندروستی کۆرپەکەیان دەگەیەنێت. وەکو: دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە بە گشتی و نەخۆشییە دەرونییەکان، نەخۆشییە گواستراوەکان، هەر دەرمانێکی تر کە بەبێ ئامۆژگاری پزیشک وەریان گرتبێت کە ئەگەری ئەوەی هەیە بچێتە نێو شیرەکەیانەوە، هەروەها ئەو دایکانەی کە هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسییان هەیە. 

* بەشێک لە دایکان شیریان نییە، ئەوان پێویستە چی بکەن؟

پێویستە خواردنی جۆراوجۆر بخۆن لەگەڵ بڕێکی زۆر شلەمەنی و ئاوی زۆر بخۆنەوە، هەتاوەکو زیاتریش شیر بدات بە کۆرپەکەی شیرەکەی زیاتر دەبێت.

* شیری قوتو دەبێته جێگرەوەی شیری دایک و کێن ئەو مناڵانەی شیری دایکیان ناخۆن؟

نەخێر نابێتە جێگرەوە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دایکەکە ناچار دەبێت شیری خۆی نەدات بە مناڵەکەی بەتایبەتی ئەوانەی کاری دەرەوە دەکەن، هەندێک کات ناچارن شیری تر بدەن بە مناڵەکەیان و مناڵەکەش لەو کاتەدا فێری شیری قوتو دەبێت و حەز بە شیری دایکی ناکات و دایکەکەش شیری نامێنێت.

هەروەها هەندێک مناڵ هەن هەستیارییان بەرامبەر بە شیری دایکیان هەیە، لەبەرئەوە دەبێت جۆرێک شیری تایبەت بە مناڵەکەیان بدەن. 

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شیرپێدانی دایک بە کۆرپەکانیان لە ١٢ ساڵی رابردو دا بە رێژەی (١٠٪) زیادیکردوە. رێکخراوەکە پێیوایە، بەرزبونەوەی ئەم ئامارە پەیوەندیدارە بەوەی ژنان تێگەشتون کە بۆ خۆ دورگرتن لە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، شیرپێدانی سروشتی کاریگەرییەکی زۆری هەیە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,289     ژمارەی میوان 1735

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە