* نەوژین
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە خنکاوی لەنێو پاشاوی قوڕەگۆ دۆزراوەتەوە، کەسوکارەکەیشی دەڵێن: روداوەکە "خۆکوژی" بوە.
پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردوەتە: ئێوارەی دوێنێ (٢٠ـی تەموز) هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی راپەڕین، ئاگادارکرانەوە لە بونی تەرمی کچێک بەناوی (لا، هـ، ع) لە دایکبوی ساڵی ۲۰۰۱، دانیشتوی رانیە/ گەڕەکی کێوەڕەش.
دەشڵێت: بە وتەی کەسوکارەکەی، کچەکە بەتەنها رۆیشتوەتە نزیك گوندی قوڕەگۆ، لەوێش خۆی خستوەتە نێو پاشاوی قوڕەگۆ و بەو هۆیەوە خنکاوە.
پۆلیس ئاشکرایشیکردوە: لەکاتی ئیفادەدا کەسوکاری کچەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، کچەکەیان باری دەرونیی جێگیر نەبوە.
دەشڵێت: تەرمی کچەکە رەوانەی پزیشکی دادی رانیە کراوە و دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاریی، رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، هەروەک پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی روداوەکە دەکرێت.