* نەوژین
بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەولێر، ئاشکرایدەکات سکاڵا خێزانییەکان لە ناوچەکە بەراورد بە دو ساڵی رابردو کەمیکردوە، ئەوەش بە دەستکەوتی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان دەزانێت، دەشڵێت: ژنان زیاتر لە پیاوان سکاڵا تۆماردەکەن.
عەقید: سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، بە نەوژینی راگەیاند: رێژەی تۆمارکردنی سکاڵا خێزانییەکان بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردو و ساڵی ٢٠٢٢ـیش خۆشبەختانە کەمیکردوە، بەبێ ئەوەی ئاماری ورد لەوبارەوە بخاتەڕو.
رونیکردەوە: یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کەمبونەوەی سکاڵاکان، چالاککردنی سەنتەری راوێژی خێزانیی و هۆبەی یاسایی و دەرونی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمانە، کە بەشێکی زۆری ئەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە لەو جێگەیانە راوێژیان لەگەڵدا دەکرێت و زۆرکات بەو راوێژە ئاشتدەبنەوە و کاریان ناگاتە سکاڵا تۆمارکردن.
جەختیشیکردەوە: ئێمە لەدوای راوێژیش دوبارە بە مەبەستی دڵنیابون لە چارەسەربونی کەیسەکان، ئاگاداری دۆخی ئەو کەسانە دەبین.
بەڕێوەبەرایەتییەکە تایبەت بە کێشە خێزانییەکانە، پیاوان و ژنان بێ جیاوازی دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن یاخود داوای یارمەتی بکەن.
سەفین تاهیر، دەڵێت: زۆرینەی ئەوانەی لێرە سکاڵا تۆماردەکەن رەگەزی مێن، دەتوانم بڵێم رێژەی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن رەگەزی مێینە (٢٠%) زیاترە بەراورد بە رەگەزی نێر، هەروەک ژنانی هاوسەردار زیاتر لە کچان سکاڵا تۆماردەکەن.
لەبارەی رێژەی ناپاکیی هاوسەرانیشەوە، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیی هەولێر، وتی: ئەویش بەهەمانشێوە کەمیکردوە، ئاماری ئەمساڵ بەراورد بە دو ساڵی رابردو کەمترە، ئەمەش بەپێی ئەو کەیسانەی دێنە لامان.
سەرباری ئەوەی ماوەی دو ساڵە کەیسەکانی تایبەت بە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای بەڕێوەبەرایەتییەکە نەماون و لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت، بەڵام هەر کەیسێک پێویستی بە هاوکاری هەبێت، هاوکاری دەکرێن.
وەک سەفین تاهیر، ئاماژەیپێکرد: ئێمە لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە ناکەین کە تایبەت بە کوشتن و خۆکوشتنن، بەڵام هەر کاتێک خێزانی ئافرەتێکی قوربانی داوای یارمەتی بکەن یاخود داوا بکەن ئێمە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان لە کەیسەکە بکەین، ئەوکات ئێمە ئامادەین هاوکاریان بین.