* نەوژین
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر گیان لەدەستدانە گوماناویەکەی ‘جیهان تەها’ کە ژنە وانەبێژێکی خەڵکی شاری هەولێر بو تێدەپەڕێت، هێشتا گومانەکان لەسەر گیان لەدەستدانەکەی ماون و کەسوکارەکەی کەیسەکەیان بردوەتە دادگای ئەمریکا.
شەوی (٢٦ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٣) هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستای وانەبێژ: جیهان تەها، بە روداوی هاتوچۆ لەسەر رێگەی ناوچەی بارزان بڵاوکرایەوە، بەڵام هەرزو گومان لەسەر روداوەکە دروستبو و بەشێک لە چالاکوانان و مامۆستایان رایانگەیاند: روداوەکە گوماناویە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو خانمە مامۆستایە یەکێک بو لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی شاری هەولێر و گومانکرا پرسەکە پەیوەندیداربێت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان.
ئەوەی زیاتر وایکرد گومانەکان لەسەر کوژرانی بێت نەوەک روداوێکی ئاسایی هاتوچۆ، وتەی کەسوکارەکەی بو؛ هەرزو وتیان روداوەکە “تیرۆرە”. لەدوای سێ مانگ لە گیان لەدەست دانیشی راگەیەندراوێکیان بۆ رایگشتی بڵاوکردوە، تێیدا ئاماژەیان بە چەند خاڵێک کرد کە دەرخەری ئەوەن جیهان بە روداوێکی ئاسایی هاتوچۆ گیانی لەدەست نەداوە.
ئەوان وتیان: جیهان شۆفێرێکی باش نەبو لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچوەتە دەرەوەی شار، هەروەک بۆ بڕیاری خۆکوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو رێگە سەخت و دژوارە بگرێتەبەر کە پێشوتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت و بۆی نەڕۆیشتبێت، لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها رێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
وتیشیان: جیهان ئەو رۆژە زۆر بەئاسایی و بە رێکوپێکی بەرنامەی رۆژەکەی خۆی کردوە، بۆ نمونە دەوامی خوێندنگە، وەرگرتنی موچە، بازاڕیکردن، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێک کاری گرنگ و پێویست لە رۆژەکانی دواتر دا.
باسیانلەوەشکرد: هەر لەهەمان رۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ خولەکی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبوە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتوە، بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ خولەکی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشە و فشار قسەدەکات.
لە درێژەی راگەیەندراوی ئەوکاتی خێزانەکەی دا هاتبو: لە چۆنیەتی روداوەکەش گومانیان هەیە و پێیانوایە “دەستکرد” بوە. وتیشیان: گومانەکانیان ئەوکاتە زیاتر بوە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانوی لێکۆڵینەوە چەندین جار رۆشتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبوکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەواندا بوە و تاوەکو ماوەیەک بەکاریان هێناوە. پێشیان وتین؛ مۆبایلەکەی سوتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە.
لەدوای ساڵێک هێشتا رۆژانە، پەری تاهیر، کە هاوڕێ و خزمێکی نزیکی مامۆستا جیهانە لە فەیسبوکی خۆی زانیاری لەسەر جیهان و گومان لە روداوەکە بڵاودەکاتەوە، ئەو دەڵێت، بۆیە ئەوکارە دەکات، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە تیرۆرکردنی کەسانی دیکە. هەروەک دەیەوێت لەو رێگەیەوە هەموان لە ترسناکی چیرۆکی گیان لەدەستدانی جیهان تێبگەیەنێت.
بەپێی زانیارییەکانی نەوژین، راپۆرتی پزیشکی دادی تەرمی جیهان هێشتا بە کەسوکاری نەدراوەتەوە، وەک کەسوکارەکەیشی دەڵێن: بەخاکسپاردنی تەرمەکەیشی بەبێ ئامادەبونی ئێمە بوە و پەلەکردنێکی زۆری تێداکراوە.
کەیسی جیهان تەها، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بردراوەتە دادگای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. شاخەوان تەها کە برای جیهان تەهاـیە، دەڵێت: جگە لەوە لەڕێگەی دو رێکخراوی جیهانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندیداین و بەڵێنیان پێداوین و بەدواداچون بۆ کەیسەکە دەکەن.