* نەوژین
چوار كچه یاریزانی كورد دەبنە نوێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بۆ یاریەکانی ئۆڵۆمپیادى شه‌تره‌نجی جیهانی، کە بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
یه‌كێتیى شه‌تره‌نجى عێراق ئاشکرایکردوە: ١٠ یاریزان له هه‌ردو ره‌گه‌ز به نوێنه‌رایه‌تیى هه‌ڵبژارده‌ى شه‌تره‌نجى عێراق، به‌شداریى له ئۆڵۆمپیادى شه‌تره‌نج ده‌كه‌ن كه بڕیارە مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ له وڵاتى هه‌نگاریا بەڕێوەبچێت.
لەو دە یاریزانە حەوتیان کوردن، کە بریتین لە چوار کچ و سێ کوڕ. ئەو کچانەی کە بەشداردەبن هەریەکە لە: (دڵپاك ئیسماعیل، سارا مه‌سعود، كارین كه‌مال و به‌هره سه‌میر)ـن.
رۆژی ١٠ـی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ چلوپێنجەمین ئۆڵۆمپیادى شه‌تره‌نج دەستپێدەکات و رۆژی ٢٣ـی هەمان مانگ کۆتایی پێدێت، تێیدا ٢٠٠٠ یاریزان لە ١٩٠ وڵاتی جیاوازەوە بەشداری دەکەن.
لە ئۆڵۆمپیادی جاری پێش‌و کە ساڵی (٢٠٢٢) بەڕێوەچو، لەکۆی ١٨٨ وڵات کە بەشداریان تێداکرد بو، ٣٠ وڵاتیان تیمی ژنانیان نەبو، بۆ ئەم ئۆڵۆمپیادە چەند رێگەیەک گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئۆڵۆمپیادی پێش‌و نەبێت و ژمارەی زیاتری تیپی ژنان بەشداربن.
فیدراسیۆنی شەترەنجی جیهانی (FIDE) لەوبارەیەوە رایگەیاندوە: هەوڵی زۆرمانداوە بۆ زیادکردنی یاریزانی ژن لە ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ، ئەوەش لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە، کە تایبەت سەردانی ئەو وڵاتانەمان کردوە کە جاری پێشوی تیمی خانمانیان نەبوە و لەبارەی هۆکارەکان گفتوگۆمان کردوە، تێگەیشتوین زۆرینەی هۆکارەکان پەیوەندیدارن بەکەمی ژمارەی کچانی یاریزان و نەبونی پاڵپشتی دارایی.
فیدراسیۆنەکە ئاشکرایشکردوە: هاوکاری دارایی ئەو وڵاتانەمان کردوە تاوەکو تیپی شەترەنجی ژنان دروستبکەن، لەو ماوەیەشدا چەند تیپێکی ژنان دروستبون و ئومێدمان هەیە لەچەند ساڵی داهاتو چەندین تیپی دیکەش دروستببن.