لە گەرمیان یەکەمین پێشەنگای شێوەکاری ژنان بەڕێوەچو

2024/07/10    295 جار بینراوە


* نەوژین

لە گەرمیان یەکەمین پێشەنگای شێوەکاری ژنان بەڕێوەچو و بەشداربوانیش باسلەوەدەکەن، پێشەنگاکە گرنگی و سودی زۆری بۆیان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەمین پێشەنگای شێوەکاری ژنانی گەرمیان کرایەوە، تێیدا نمایشی ٤٠ تابلۆ کرا، کە لەلایەن ٢٥ کچ و ژنی گەرمیانییەوە کێشرابون.

لەبارەی پێشەنگاکە، هاوین عیماد، یەکێک لە بەشداربوان، بۆ نەوژین وتی: جگە لە سودی نمایشکردنی تابلۆکانمان، ئێمە لێرە سود لە تواناکانی یەکتر وەردەگرین، بەشێوەیەک سەیری کاری یەکتر دەکەین و شتی نوێ لەیەکتری فێردەبین.

بەشداربوانی پێشەنگاکە، لەچەند بوارێکی جیا تابلۆیان کێشابو؛ ژینگە، ژن، خۆشەویستی و خەیاڵ، بەشێک لەو بوارانە بون کە شێوەکاران لە تابلۆکانیان دا گرنگیان پێدابو.

یوسرا عەلی، کە پیشەی مامۆستای شێوەکارییە، بەشداربوەیەکی دیکەی پێشەنگاکە بو، لەبارەی گرنگی پێشەنگاکە وتی: زۆر گرنگە هەبونی پێشەنگای لەم شێوەیە، بۆ ئەوەی ئێمەی ژنان بتوانین بەهرەکانمانی تێدا نمایشبکەین و زیاتر بەرەوپێشەوە بڕۆین. 

پێشەنگاکە بە چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بەرێوەچو.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,146     ژمارەی میوان 2088

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە