* نەوژین، شنۆ نوری
پەیمانگەیەکی ناحکومی لە سلێمانی دامەزراندوە و لەڕێگەیەوە هەلیکاری بۆ (٣٥) گەنج رەخساندوە، دەڵێت: ژنان تواناکانیان هیچی کەمتر نییە لە پیاوان.
شناویا محەمەد، ٣٠ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی دو ساڵە پەیمانگەیەکی ناحکومی تایبەت بە خولی هاوینە و خولی بەهێزکردنی وانەکانی خوێندنگەی لە سلێمانی دامەزراندوە.
لەمیانی دیدارێکی نەوژین دا شناویا باسی ئەزمونی کارکردنی بۆکردین و وتی: لەدوای هەبونی ئەزمونێکی زۆر لە مامۆستایەتی، بڕیام دا کارێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆم دابمەزرێنم و پەیمانگەیەکی ناحکومی بەناوی (ماد) بکەمەوە.
لە پەیمانگەکەدا خولی فێربونی زمان و بابەتەکانی خوێندنگە دەوترێتەوە، هاوکات بابەتە هونەری و وەرزشیەکانیش گرنگی پێدەدەن، شناویا دەڵێت: ئامانجمە لەڕێگەیەوە، خزمەت بە کەرتی پەروەردە بە گشتی و مناڵانی شارەکەم بەتایبەتی بکەم.
لە پەیمانگەکەی دا، شناویا هەلیکاری بۆ (٣٥) گەنج رەخساندوە، کە (١٨)ـیان لە رەگەزی مێن.
ئەو دەڵێت: بۆ وەرگرتنی کارمەند لە پەیمانگەکەم، بەهیچ شێوەیەک رەگەز ناکەم بە پێوەر، بەڵکو سەیری توانای کەسەکە دەکەم و هەمویانم لەسەر توانا و لێهاتویی خۆیان وەرگرتوە.
سیا مەریوان، کچە مامۆستایەکی پەیمانگەی (ماد)ـە، باسلەوەدەکات، هەبونی خاوەنکاری ژن وادەکات کچان زیاتر بێنەدەرەوە و کاربکەن.
وتی: خاوەنکارانی ژن پاڵپشتی زۆری ئێمەی کچانن، تاوەکو کاربکەین و ببینە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆمان، خێزانەکانیش کەمتر رێگری دەکەن لە کچەکان کاربکەن، کاتێک خاوەنکارەکەیان ژن بێت.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم، (١١%)ـی خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان ژنن.
"ئامارەکان پێماندەڵێن، هەبونی کاری سەربەخۆ لەلایەن ژنانەوە لە هەرێمی کوردستان کەمە، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەکۆمەڵگەکەمان دا زیاتر سەرنج لەسەر هەڵەکانی ژنانە بەراورد بە توانا و پێشکەوتنەکانیان، ئەوەش وایکردوە ژنان سڵ لە کاری سەربەخۆبکەنەوە، چونکە بەرگەی توانج و هێرشە دژ بەیەکەکان ناگرن”، شناویا محەمەد، وای وت.
زیاتر وتی: ئەوەش لەکاتێکدایە توانای ژنان هیچی کەمتر نییە لە پیاوان، هەروەک گرنگە ئێمەی ژنان ئەوەندە کۆڵنەدەربین، بیسەلمێنین بۆ هەموان کە چەند بەهێزین.