پۆلیسی سلێمانی: لەسەر دۆسیەی ‘ئاڤان جەزا‘ چوار کەس دەستگیرکراون

2024/07/01    779 جار بینراوە


* نەوژین, سومەیە ساڵح

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایدەکات، لەسەر دۆسیەی ‘ئاڤان جەزا‘ چوار کەس دەستگیرکراون، باوکیشی دەڵێت: سوردەبم لەسەر دۆسیەی کچەکەم بە ئامانجی ئەوەی هیچ ژنێکی دیکە نەبێتە قوربانی.

ئەمڕۆ (١ـی تەموزی ٢٠٢٤)، رائید؛ سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: لەسەر دۆسیەی ‘ئاڤان جەزا‘  چوار کەس دەستگیرکراون، کە بریتین لە: هاوسەرەکەی، خەسوی، خەزوری و هەروەها ئەو کچەی کە ئاڤان پێش گیان لەدەستدانی وتبوی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەم هەبوە و هۆکاری سوتاندنمە.

هاوکات جەزا وەیسی، باوکی ئاڤان، لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە و پەیوەندیان بە دۆسیەی سوتاندنی کچەکەی، وتی: ئەو کەسانە لەسەر دۆسیەی کچەکەم دەستگیرکراون لەسەر سکاڵای ئێمە بوە، وەک خانەوادەی ‘ئاڤان جەزا‘.

رونیکردەوە: خەسوی بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە کچەکەم و خەزوریشی بە تۆمەتی چەواشەکاری و بەلاڕێبردنی کەیسەکە، هەروەها ئاگاربونی لە دۆخی کچەکەم دەستگیرکراون.

جەختیشکردەوە: سوردەبم لەسەر دۆسیەی کچەکەم بە ئامانجی ئەوەی جارێکی دیکە هیچ ژنێک بەکەم سەیرنەکرێت و نەبێتە قوربانی.

لەبارەی یەکلابونەوەی چۆنیەتی روداوەکەش کە ئایا خۆکوژی بوە یان کوژراوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، پێیوتین: هێشتا هاوسەری ئاڤان دانی بەتاوانەکە دا نەناوە. هەر لەوبارەیەوە باوکی ئاڤان وتی: لەگەڵ ئەوەی هێشتا لەدادگا ئەوە یەکلانەبوەتەوە، بەڵام ئێمە بەڵگەی تەواومان لایە کە ئاڤان پێش سوتانی لەژێر هەڕەشە دا بوە و ترسێندراوە، خۆی ئەمەی بۆ کەسێکی نزیکی باسکردوە.

لەلایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەکردن لە دۆسییەکە لەلایەن دادوەرەوە تائێستا بەردەوامە، تێیدا وتە لەچەند کەسێکی پەیوەندیدار بە دۆسیەکە وەرگیراوە.

ئاڤان جەزا، ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵی دانیشتوی شاری سلێمانی بو، شەوی (٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵ) لەنێو حەمامی ماڵەکەیان سوتا، ئەو دوگیان بو بە دوانەیەک و بەهۆی سوتانەکەی هەردوکیانی لەدەست دا، خۆیشی شەش رۆژ دوای روداوەکە و بەیانی رۆژی (١٢ـی حوزەیران) بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی کە (٨٥%)ـی جەستەی سوتابو، گیانی لەدەست دا.

دوای دو رۆژ لە روداوەکەش، ڤیدیۆیەکی ئاڤان لەدوای سوتانی لەلایەن باوکیەوە بڵاوکرایەوە، کە تێیدا ئاڤان دەڵێت: هاوسەرەکەم منی لەنێو گەرماوەکە دا سوتاند و هەڕەشەیشی لێکردم دەبێت بڵێم خۆم ئەو کارەم ئەنجام داوە، گەرنا باوکم دەکوژێت.


 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,408     ژمارەی میوان 1854

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە