دهۆک: برایەک خوشکەکەی سوتاند

2024/06/25    214 جار بینراوە


* نەوژین

لە دهۆک برایەک ئاگری لە خوشکەکەی بەردا و بەهۆیەوە (٨٠%)ـی جەستەی سوتا، پۆلیسیش دەڵێت: تۆمەتبارەکەمان دەستگیرکردوە.

بەیانی ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری دهۆک برایەک ئاگری لە خوشکەکەی بەردا، لەبارەی روداوەکە پۆلیس راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەڵێت: بەهۆی روداوەکە ژنەکە جەستەی بە رێژەی (٨٠%) سوتاوە، هەروەک لەئێستا دا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

دەشڵێت: بەر لە ئاگر تێبەردانیشی، براکە هەروەها بە توندی لە خوشکەکەی داوە.

ئاشکرایشیکردوە، لەدوای روداوەکە برای ژنەکە هەڵهاتوە، بەڵام دوای چوار کاتژمێر لە روداوەکە توانیویانە تۆمەتبارەکە لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی دەستگیربکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا کردوە.

نەوژین زانیویەتی، ژنەکە لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٩ـبوە، هاوسەرگیریکردوە و دایکی سێ مناڵ بوە، هەروەک براکەیشی هاوسەرگیریکردوە و دانیشتوی گەڕەکی مالتا لە سەنتەری شاری دهۆک بون.

ئەمەو پۆلیسی لەبارەی هۆکاری روداوەکە هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردوەتەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,650,473     ژمارەی میوان 613

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە