نوسەرێک: باجی هەڕەمەکی ژنانی سلێمانی لە وەرزش بێ بەش دەکات

2024/06/25    358 جار بینراوە


* نەوژین

نوسەرێک ئاشکرایدەکات باجی هەڕەمەکی بوەتە هۆی داخستنی بەشی ژنانی ئەو هۆڵە وەرزشیانەی کە تایبەت بە هەردو رەگەزن، دەشڵێت: پێویستە ئەو شێوازانەی باجدان بگۆڕدرێن کە دەبنە هۆی زیادکردنی ستەم و چەوساندنەوە رەگەزییەکان.

نوسەر: محەمەد حسێن، لە نوسینێک دا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک، دەڵێت: هۆڵی لەشجوانی هەمەر لە گەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی، ئەم هۆڵە بەیانیان لە کاتژمێر ٨ بۆ ٢ـی دوانیوەڕۆ بۆ ژنان کراوەبو؛ لە ٢ تا ١٢ـی شەویش بۆ پیاوان. لەم رۆژانەدا کاتی وەرزشی بەیانیانیان داخست و ئیتر هیچ ژنێک لەم گەڕەکەدا دەرفەتی وەرزشکردنی نامێنێت، مەگەر بە ئۆتۆمبیل بچن بۆ هۆڵێکی دورتر.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەبارەی هۆکاری داخستنی کاتی بەیانیان (ژنان)ـی لە یەکێک لە راهێنەرانی هۆڵەکە کردوە و ئەو بەو جۆرە وەڵامی داوەتەوە:

ئێستا حکومەتی هەرێم داوای باجی دو-قات بۆ ئەو هۆڵانەی کە تێکەڵاوە و لە هەردو رەگەز وەرزشکاری تیایە دەکات، هاوکات داوای دابین کردنی ٢ راهێنەریش دەکات بۆ هەر شەفتێکی کارکردن. ئەم هۆڵە لە بەر ئەوەی ژمارەی وەرزشکارە ژنەکانی کەمترە لە ١٠ کەس، ناتوانێت لە یەک راهێنەر زیاتر دابین بکات. 

وتوشیەتی: بەم جۆرە، کاتی بەیانیانی هۆڵەکە (کە کاتی ژنان بو) داخرا، هاوکات ناتوانرێت هۆڵەکەش بکرێتە تێکەڵ لەبەر ئەوەی کە باجی داهاتی لەسەر دو-قات دەکرێتەوە، پێش ئەم هۆڵە شوێنی تری وەرزشی هەبوە هەر لە بەر هەمان مەرج و رێنماییەکانی فەرمانگەی باجی درامەت کاتی ژنانیان داخستوە.

ئەو نوسەرە، لە نوسینەکەی دا هەروەها ئاماژەی بەوەکردوە: بەو پێیەش سیاسەتی خراپ-داڕێژراوی دراسەنەکراوی هەڕەمەکیانەی باج زیان دەگەیەنێتە توێژێکی سەرەکی کۆمەڵگا کە (ژنان)ـە و دەبێتە هۆی ستەم و نادادی کۆمەڵایەتی، پێویستە پیاچونەوەی بۆ بکرێت، هەروەک پێویستە ئەو رێنماییانەی باج-خەمڵاندن بگۆڕدرێن کە دەبنە هۆی قوڵکردنەوەو زیادکردنی ستەم و چەوساندنەوە رەگەزییەکان لە کوردستان و عێراق دا.  
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,814,914     ژمارەی میوان 1101

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە