* نەوژین
لەلایەن ئنستیتیوتی کەلەپوری کوردەوە کتێبێک دەربارەی ژیانی هونەرمەندی کورد؛ ئایشە شان چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ئنستیتیوتی کەلەپوری کورد، دەڵێت: کتێبێکمان بەناوی (ئەز ئايشە شانم) چاپ و بڵاوکردوەتەوە، کە تێیدا زانیارییەکی زۆری لەخۆگرتوە لەسەر ژیانی ئایشە و سەرکردایەتی هونەری و گۆرانیەکانی، هەروەک چەند وێنە و بەڵگەنامەیەکی سەبارەت بە ژیانی ئایشە شان تێدایە.
کتێبەکە بە زمانی کوردی (ئەلفبێی لاتینی) نوسراوە و لەلایەن زەینەب یاش و حیلمی ئەکیۆل ئامادەکراوە.
ئایشە شان، لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان لەدایک بوە، لە ساڵی ١٩٦٣ دەستی بەکاری هونەری کردوە.
بەوهۆیەی لەناوچەیەکی کوردی ژیاوە و گۆرانی بە زمانی کوردی وتوە، پۆلیسی تورک لە هەمو شوێنێک تەنگیان پێهەڵچنیوە و بێزاریانکردوە و بەرەنگاری بونەتەوە، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوە بۆیە زۆر جار ئازارێکی زۆری چەشتوە بە دەست دەسەڵاتدارانی تورکەوە، تاوەکو وای لێهاتوە لە ساڵی ١٩٧٢ بەرەو ئەڵمانیا و هۆڵەندا رۆشتوە و لەوێ درێژەی بەکارە هونەرییەکانی داوە.
ئەو بەهۆی ناوبانگە زۆرەکەیەوە بە شاژنی بێ تاج ناسرا بو، لە (١٨ـی کانونی دوەمی ١٩٩٦) لە شاری ئیزمیر بەهۆی شێرپەنجە کۆچی دواییکردوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کردوە ئەم خاتونە تاوەکو ئێستا دەنگی بەزیندویی بمێنێتەوە لە ناو کورددا، ئەوە بو لە ساڵی ١٩٧٨ هات بۆ باشوری کوردستان و لە رادیۆی کوردی بەغدا گۆرانی وت.