نوێترین زانیاریی لەبارەی دۆسیەی ئەو کچەی لە باڵەخانەیەکی سلێمانی "کەوتەخوارەوە"

2024/06/10    323 جار بینراوە


* نەوژین

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئاشکرایدەکات: لەسەر کەیسی ئەو کچەی سەرەتای ئەم مانگ لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو کەوتەخوارەوە، هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.

کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی (١ـی ئەم مانگە) تەرمی کچێک لە بەردەم باڵەخانەیەک بەرامبەر پارکی ئازادی لە سلێمانی دۆزرایەوە، لەبارەی روداوەکە، ئەوکات رائید سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە نەوژینی راگەیاند: لە کامێراکانی چاودێری نزیک لە شوێنەکەوە بۆمان دەرکەوتوە کچەکە لە باڵەخانە تەواونەکراوەکە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.

رونیکردەوە: هیچ کەسێک لەو کاتەدا لەو شوێنە نەبوە، بەڵام بە نزیکەیی ١٠ خولەک بەر لە خۆخستنە خوارەوەی بە تەلەفۆن بەردەوام لەگەڵ کەسێک قسەیکردوە و دوای ئەوە رۆشتوەتە یەکێک لە قاتەکانی باڵەخانەکە و خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی زانیاریەکانی نەوژین، کچەکە تەمەنی ٢٠ ساڵ بوە و دەرچوی پەیمانگە بوە، لەگەڵ خێزانەکەی لە گەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی ژیاون.

کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان وتوە، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کەسێک نەبوە، هاوکات وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە نەوژینی وت: لەسەر روداوەکە تاوەکو ئێستا هیچ کەس دەستگیرنەکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خانەوادەی کچەکە سکاڵایان لەسەر هچ کەس تۆمارنەکردوە و چاوەڕێن کەیسەکەیان بڕواتە دادگا و لەوێ قسەکانیان دەکەن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,563,964     ژمارەی میوان 456

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە