* نەوژین
کورتەفیلمێک کە لە نوسین و دەرهێنانی کچە کوردێکە لە ئەڵمانیا خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەدەستدەهێنێت، فیلمەکە باس لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دەکات.
کورتەفیلمەکە بەناوی (حەوت و نیو)ـە و چیرۆکی فیلمەکە لە روداوێکی راستیەوە وەرگیراوە، خانمە دەرهێنەر و سینارستی کورد: سۆنیا جەلیل زەنگەنە، کاری دەرهێنانی بۆ کردوە.
فیلمەکە دوای بەشداریکردنی لە دیداری فیلمی کوردی رێ لە کۆڵن-دورین لە ئەڵمانیا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا. لە دیدارەکە دا هەشت کورتە فیلمی هەرچوار پارچەی کوردستان نمایشکران.
لەبارەی کورتەفیلمەکەوە سۆنیا جەلیل زەنگەنە، بە نەوژینی وت: کورتەفیلمەکە باس لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دەکات، هۆشیاریە دەربارەی ئەوەی چۆن گەنجان هۆشیارتر بن بەرامبەر بە کێشەکانی پەیوەست بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی.
زیاتر وتی: هەر لەچوارچێوەی فیلمەکە دا هەڵمەتێکمان بەناوی (خێزانەکان دەپارێزین) راگەیاندوە و لەو چوارچێوەیە دا کورتەفیلمەکە لە هەمو شار و شارۆچکەکان نمایشدەکەین.
کورتە فیلمەکە پێشتر بەشداری لە سێ فیستیڤاڵی دیکە کردوە، وەک دەرهێنەری فیلمەکە ئاماژەیپێکرد: پێش ئەم دیدارە لە ڤیستیفاڵی (سینەما لەنیگای ژنەوە) کورتە فیلمەکە بەشداریکرد کە لەسەر ئاستی هەریەک لە وڵاتانی عەرەبی (عێراق، سوریا، مەغریب و لوبنان) بو و تێیدا توانی لەسەر ئاستی (۱۷) کورتەفیلم پلەی یەکەم و دو خەڵات بەدەستبهێنێت، کە بریتیبون لە باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ.
سۆنیا جەلیل زەنگەنە، کچی دەرهێنەری کورد: جەلیل زەنگەنەیە، خاوەنی پێنج کورتە فیلمە، کە وەکخۆی دەڵێت: خۆم سیناریست و دەرهێنەری هەر پێنج کورتەفیلمەکەمم.