* نەوژین، سومەیە ساڵح
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە هەڵەبجە، ماوەی کەمتر لە ساڵێکە کراوەتەوە، ئەمەش دوای ساڵانێک لە بڕیارلێدانی.
بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنانی هەڵەبجە، لە دیدارێکی 'نەوژین’ـدا باس لە پرسی توندوتیژیی خێزانیی لە سنورەکە و رۆڵی بەڕێوبەرایەتییەکەیان لە کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەدا دەکات.
* ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ بو، بڕیار لە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنان لە هەڵەبجە درا بو، بەڵام کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکە دواخرا، هەتاوەکو مانگی هەشتی ساڵی رابردو کرایەوە، هۆکار چی بو بەڕێوەبەرایەتیەکە نەدەکرایەوە؟
لەساڵی ٢٠١٩ـەوە بڕیاری کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەڵەبجە دەرچو بو، بەڵام بەهۆی نەبونی بینا و میلاکی پێویستەوە، نەتوانرا بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەڕێوەبەرایەتیەکە بکرێتەوە، بەڵکو لەبری ئەوە بینایەک لە قەزای سەیدسادق لەژێر ناوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە بۆ راپەراندنی کارەکانی بەرێوەبەرایەتیەکە دیاریکرابو و لەوێ کارەکانمان دەکرد، ئێستا سەرباری هەبونی کەموکورتی لە روی بینا و میلاکەوە، بەڵام ئێمە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان کردوەتەوە.
* کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چ گرنگیەکی دەبێت؟ و ئایا تاوەکو چەند یارمەتیدەری ژنان دەبێت بەراورد بە پێشوتر تاوەکو سکاڵا تۆماربکەن؟
هەبونی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەدڵنیاییەوە گرنگی خۆی دەبێت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێزانەکان لەڕوی چارەسەرکرنی کێشە دەرونی، کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان، بەڵام بەڕێوەبەرایتیەکە لە ئێستا دا توانای وەرگرتنی سکاڵای نییە، چونکە نوسینگەی لێکۆڵینەوەمان هێشتا نییە، بەڵام بۆ داهاتو بە دڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی نوسینگەی لێکۆڵینەوەمان نییە، بەڵام چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە ئەنجامدەدەین کە دێنەلامان و کەیسی خێزانیان هەیە، هاوکاریان دەکەین لە هەر رویەکەوە پێویستیان بە هاوکاری هەبێت.
* پێتوایە بەڕێوەبەرایەتیەکە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژیە خێزانیەکان لە سنورەکەدا؟
پێموایە لە سەرەتا دا بەهۆی ئەوەی زۆرکەس تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە سکاڵا تۆماربکەن، دێن و سکاڵا دەکەن، بەهۆیەوە وادەردەکەوێت توندوتیژی لە سنورەکە زیادبکات، بەڵام لەدوای ماوەیەک دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین کاریگەریمان لەسەر کەمبونەوەی توندوتیژییە خێزانیەکان هەبێت.
* کوشتنی ژن لەژێر ناوی شەرەف یەکێکە لەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، ئاماری ساڵی رابردو و ئەمساڵ تایبەت کوشتنی ژن بە ناوی شەرەف لە هەڵەبجە چی دەردەخات؟
خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم هیچ حاڵەتێکی لەمشێوەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە تۆمارنەکراوە.
* لە بارەی بەشودانی پێشوەختەی کچان ئایا خەڵک لەو روەوە تاچەند هۆشیاربوەتەوە؟ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی لەم شێوەیە دەکەن؟
لەمڕوەشەوە حاڵەتی کەم هەیە، ئەوەیشی هەیە بەزۆری بە ویستی کچەکەیە، یانیش زۆرکات کەیسەکانی لەم شێوەیە کە دێنە لامان، خەڵکی هەڵەبجە نیین، بەڵکو ئاوارەکانی وڵاتانی سوریا و عێراقن.
* تاوانە ئەلیکترۆنیەکان یەکێکە لەو تاوانانەی کە ئێستا لە زۆرینەی شارەکان بە رێژەیەکی بەرز ئەنجامدەدرێن، لە هەڵەبجە دۆخەکە چۆنە؟
بابەتی کێشەی ئەلیکترۆنی لە زۆرینەی کێشەکان بونی هەیە، بۆ نمونە زۆرکات هۆکارەکە مۆبایلە، بەڵام لەکاتی سکاڵاکە بە خیانەت و دەستدرێژی هەژماردەکرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هۆکاری زۆرینەی کێشەکان مۆبایلە، بەڵام وەک رێژە لەبەر ئەو هۆکارە رێژەیەکی دیاریکراوی نییە