* نەوژین
لەلایەن خەڵکی مەکسیکەوە کلاودیا سەینباوم، بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا، بەوەش دەبێتە یەکەم ژن لە مێژوی وڵاتەکە پۆستی سەرۆک کۆماری پێبسپێردێت.
شەوی رابردو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری مەکسیک راگەیەندران و بەپێی ئەنجامەکان کلاودیا نزیکەی (٦٠%ـی) دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەوەش بەرزترین رێژەی دەنگی بەدەستهێنراوە لە مێژوی دیموکراسی وڵاتەکەدا.
کلاودیا، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاری وزە و پێشتر زانای ژینگە بوە، هەروەک پێش خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرۆک شارەوانی پایتەختی مەکسیک (مەکسیکۆ سیتی) بو.
بونی ژنێک بە سەرۆک کۆماری مەکسیک لەکاتێکدایە، ژنانی ئەو وڵاتەکە ساڵانێکە بەدەست توندوتیژیەوە دەناڵێنن و بەپێی ئامارە نافەرمیەکان رۆژانە نزیکەی ١٠ ژن لەو وڵاتە دەکوژرێن، بەتەنها لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٢٥٨٠ ژن کوژراون، چالاکوانانی ئەو وڵاتە دەڵێن، سەرباری بونی بەڵگەی پێویست، بەڵام زۆرکات داواکاری گشتی کوشتنەکانی دژی ژنان وەک ژنکوژی دادگایی ناکات.