دو ژن رکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری مەکسیک دەکەن

2024/06/01    377 جار بینراوە

* نەوژین

ملیۆنان مەکسیکی سبەی دەڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە دەدەن، بۆ پۆستەکەش دو ژن کاندیدی سەرەکین.

بڕیارە سبەی (٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتی مەکسیک بەڕێوەبچێت، لەهەڵبژاردنەکە دا سێ کاندیدی سەرەکی هەن، کە دویان ژنن و بریتین لە: 'کلۆدیا شەینبام' لە پارتی چەپ و رکابەرە راستڕەوەکەی 'سۆچیتل گەلڤێز'.

شەینبام، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەندازیاری وزە و پێشتر زانای ژینگە بوە، ئەو لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی مەکسیک دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و بو بە سەرۆک شارەوانی پایتەختی مەکسیک (مەکسیکۆ سیتی)، دەستکەوتی سەرەکیی لەو ماوەیەدا بریتی بوە لەوەی رێژەی کوشتن لە ناوچەکەدا کەمبوەتەوە، بەشێوەیەک لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی دا رێژەی کوشتن لەو شارە بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی ١٦ ساڵدا دابەزیوە.

کاندیدەکەی دیکە کە 'سۆچیتل گەلڤێز'ـە، لەمیانی بانگەشە دا دروشمێکی سەرەکی هەیە کە بریتیە لە: من کەسێکم سامان بەرهەمدەهێنم، بەڵام زۆر هۆشیارم لەوەی کە ئەم سامانە دەبێت دوبارە دابەش بکرێتەوە.

کاندیدبونی دو ژن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مەکسیک لەکاتێکدایە، ژنانی ئەو وڵاتەکە ساڵانێکە بەدەست توندوتیژیەوە دەناڵێنن و بەپێی ئامارە نافەرمیەکان رۆژانە نزیکەی ١٠ ژن لەو وڵاتە دەکوژرێن، بەتەنها لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٢٥٨٠ ژن کوژراون، چالاکوانانی ئەو وڵاتە دەڵێن، سەرباری بونی بەڵگەی پێویست، بەڵام زۆرکات داواکاری گشتی کوشتنەکانی دژی ژنان وەک ژنکوژی دادگایی ناکات.

کۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی مەکسیک ١٢٧.٥ ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیە زیاد لە (٩٩ ملیۆن)ـیان مافی دەنگدانیان هەیە.

لە کاتێکدا زۆربەی چاوەکان لەسەر کێبڕکێی سەرۆکایەتییە، مەکسیکییەکان هەروەها سبەی دەنگ بە زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٧٠٠ پۆست لەسەر ئاستی فیدراڵی و ناوخۆیی دەدەن، کە دیارترینیان ٥٠٠ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە و ١٢٨ کورسی ئەنجومەنی پیرانە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,419     ژمارەی میوان 1865

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە