لە عێراق هەوڵدەدرێت مافی دایەنیکردنی مناڵ لە دایکان وەربگیرێت

2024/05/20    373 جار بینراوە


* نەوژین

ژمارەیەک کەسایەتی عێراقی، دژ بە هەموارکردنەوەی ماددەیەک لە یاسای باری کەسێتی دەوەستنەوە کە مافی دایەنیکردنی مناڵ لە دوای جیابونەوەی هاوسەران لە دایکان وەردەگرێتەوە.

دژ بە هەموارکردنەوەی ماددەی ٥٧ لە یاسای باری کەسێتی عێراق کە لە هەرێمیش بەرکارە، زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتی کە لەنێویان دا سیاسەتوانان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕانی راگەیاندن هەن، کۆبونەوە و بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێن: رەدی دەکەینەوە مافی لەخۆگرتنی مناڵ لە دایکان وەربگیرێتەوە و داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین هەموارکردنەوەکە بوەستێنن. 

ماددەی ٥٧ـی یاساکە چی دەڵێت؟ 

ماددەی ٥٧ لە یاسای باری کەسێتی دەڵێت: لەکاتی بەردەوامی پڕۆسەی هاوسەرگیری و لە دوای جیابونەوەش دایک لەپێشترە بۆ دایەنی و بەخێوکردنی مناڵەکانی، بەو مەرجەی مناڵەکان زیانیان پێ نەگات. 

دەشڵێت: لەکاتی جیابونەوەش، مناڵ تاوەکو تەمەنی ١٥ ساڵی لای دایکی بمێنێتەوە و لەدوای ئەو تەمەنە خۆی دەتوانێت بڕیاربدات بڕواتە لای باوکی یان لای دایکی بمێنێتەوە، یانیش دادوەر بەپێی دۆخەکە ئەو بڕیارە دەدات.

هەروەها لە حاڵەتی مردنی باوک دا مناڵەکان هەر لەلای دایکیان دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هاوسەرگیریش بکاتەوە، بەو مەرجەی هاوسەرە نوێیەکەی لەکاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەدا بەڵێن بدات کە ئاگای لەو مناڵانە دەبێت و زیانیان پێ ناگەیەنێت.

ئەوەی بڕیارە لە هەموارەکە بگۆڕدرێت چیە؟

پێشنیارکراوە لە هەمواری نوێی یاساکە باوک مافی لە ئەستۆگرتنی مناڵی هەبێت لە دوای گەیشتنی بە تەمەنی ٧ ساڵی، گەر باوکیشی مردبێت یان بێسەروشوێن بوبێت یان یەکێک لە مەرجەکانی سەرپەرشتیکردنەکەی لەدەستدابێت، ئەوا مافی سەرپەرشتیکردن بگوازرێتەوە بۆ باپیری (باوکی باوکی).

هۆکاری پەنابردن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەی هاوسەرانە لە عێراق.

وەک تالیب ئەلخەزراجی، سەرۆکی رێکخراوی دیالە بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: کۆمەڵگەی عێراق لە دۆخێکی داڕمانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدایە، یەکێک لە پایە بنچینەییەکانیشی بەرزبونەوەی بێوێنەیە لە دۆسیەکانی جیابونەوەی هاوسەران، کە بەڕای ئێمە هۆکاری زۆری جیابونەوەی ژنان لە هاوسەرەکانیان ئەوەیە ترسی لەدەستدانی مناڵەکانیان نییە، چونکە دڵنیان مناڵەکەیان لادەمێنێتەوە.

لەبەرامبەر دا، عەلی ئەلبەیاتی، ئەندامی دەستەی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت: وەرگرتنی سەرپەرشتی مناڵ لە دایک، نادادپەروەریەکی گەورەیە بەرامبەر بە ژنانی عێراق و دژایەتی لایەنی دەرونی و خێزانییە، بەتایبەت ئەوەی کە دەوترێت لەدوای باوک مافی سەرپەرشتی مناڵ بە باپیر بدرێت پێشێلکردنی مافی مناڵ و دایکەکەشە، چونکە هەردوکیان دەکەونە دۆخێکی دەرونیی قورسەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,270     ژمارەی میوان 1760

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە