لە زانکۆی زاخۆ رێگری لە کچانی روبەندپۆش دەکرێت بۆ بەشدارییکردن لە تاقیکردنەوەکان

2024/05/12    425 جار بینراوە

 

* نەوژین

لەگەڵ دەستپێکی تاقیکردنەوەی فێرخوازانی زانکۆی زاخۆ، رێگری کراوە لەو کچە فێرخوازانەی کە روبەندپۆشن "نیقابن" بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن، ئەوەش ناڕەزایی کچە فێرخوازەکانی لێکەوتوەتەوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکی تاقیکردنەوەی فێرخوازانی زانکۆی زاخۆ، چەند کچە فێرخوازێکی زانکۆی زاخۆ کە ژمارەیان نزیکەی ٢٥ فێرخواز دەبێت و فێرخوازی بەشی شەریعەن لە زانکۆکە، لە رونکردنەوەیەک دا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایانگەیاند: بەهۆی پۆشینی نیقابەوە رێگریمان لێکراوە بەشداری لە یەکەم تاقیکردنەوە بکەین.

وتیشیان: نیگەرانین لەبڕیارەکە، چونکە ئێمە لەناو تاقیکردنەوە بوین، هاتن و نەیانهێشت بە نیقابەوە وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بدەینەوە.

لەبەرامبەریشدا، لیژنەی ئەزمونەکانی زانکۆی زاخۆ، رایگەیاندوە: بۆ تاقیکردنەوەکان بەبێ پشکنین رێگە بە کچە فێرخوازەکان نادرێت بە نیقابەوە بەشداریی لە تاقیکردنەوەکان بکەن، ئەوەش بەهۆی هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی گزی یاخود کەسێکی دیکە لەبریان تاقیکردنەوە ئەنجامبدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (١٢ـی ئایار) دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بو لە زانکۆی زاخۆ.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,617     ژمارەی میوان 1767

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە