ژنە رۆژنامەنوسێکی کورد خەڵاتێکی جیهانی بەدەستدێنێت

2024/05/10    204 جار بینراوە

 

* نەوژین

نەورۆز رەشۆ، ژنە پەیامنێری رادیۆی دەنگی ئەمریکا لە عەفرین، خەڵاتی "دەیڤید بێرک" بۆ رۆژنامەوانی بەدەستدێنێت.

خەڵاتەکە لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای جیهانی USAGM ساڵانە بەو رۆژنامەنوسانە دەدرێت کە لە دەزگا میدیاییەکانی سەر بەو ئاژانسە کار دەکەن. بۆ وەرزی ئەمساڵیش، ٥ خەڵات بەخشراوە کە یەکێک لەو خەڵاتانە بۆ نەورۆز رەشۆ بوە.

ماڵپەڕی فەرمیی خەڵاتەکە، لە وەسفی نەورۆز رەشۆـدا دەڵێت: ئەو لە ناو خێوەتێکی تۆزاوی لە نزیک عەفرین لە سوریا، چیرۆک گەلێکی گێڕاوەتەوە، کە کەم کەسی دیکە دەیگێڕنەوە.

دەشڵێت: لە کاتێکدا زۆربەی دەزگا میدیاییە نێودەوڵەتییەکان روماڵکردنی پێشهاتەکانی شەڕی سوریایان راگرتوە، بەڵام راپۆرتەکانی نەورۆز گێڕانەوەی ئەو کەسانە دەخاتەڕو کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتوە.

نەورۆز، کە خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، لەگەڵ هەزاران کەسی دیکەدا ئاوارە بون، دوای ئەوەی سەربازانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ـوە دەستیان بەسەر شارەکەیاندا گرت.

دەیڤید بێرک (١٩٣٦-٢٠١٤)، رۆژنامەنوسێکی ئەمریکی بو کە چەندین بەرپرسیارێتی میدیایی و کارگێڕیی لە دەزگا راگەیاندنەکان وەرگرتوە و لەساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ دامەزراندنی ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای جیهانی، وەکو یەکەمین سەرۆکی ئاژانسەکە دەستبەکاربو.

خەڵاتی "دەیڤید بێرک" بۆ رۆژنامەوانی بەرز یان تایبەت، لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە ساڵانە دابەش دەکرێت و تیایدا هەزاران رۆژنامەنوس کە لە دەزگا جیاوازەکانی سەر بە ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای جیهانی کاردەکەن، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,564,235     ژمارەی میوان 726

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە