مانگی نیسان لە باکوری کوردستان و تورکیا ٣٢ ژن کوژراون
2024/05/08
329 جار بینراوە
* نەوژین بەپێی ئامارێکی نافەرمی لە مانگی رابردودا لە باکوری کوردستان و تورکیا، ٣٢ ژن کوژراون و ١٣ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. پلاتفۆرمی (تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین)، راپۆرتێکی لەبارەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە باکوری کوردستان و توركیا بڵاوكردوەتەوە و تێیدا باس لەوەدەکات لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لەو وڵاتە ٣٢ ژن کوژراون و ١٣ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو ٣٢ ژنە، ١٩ـیان بەدەست هاوسەرەکانیان، پێنجیان بەدەست خۆشەویستەکانیان، سێیان بەدەست خزمەکانیان، دویان بەدەست ناسیاوەکانیان، ژنێک بەدەستی باوکی، ژنێک بە دەستی براکەی و ژنێکیش بە دەستی کوڕەکەی كوژراون. راپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بە شوێنی کوژرانی ئەو ژنانەکردوە و ئاشکرایکردوە: ١٨ لەو ژنانە لەنێو ماڵەكانیان دا، چواریان لەسەر شەقام، دویان لە شوێنی کار، ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێل، ژنێک لە چۆڵەوانی، ژنێک لە شوێنێکی دوورەدەست، ژنێک لە هۆتێل و ژنێکیش لە تەویلە كوژراون. هاوکات کۆمەڵەی مافی مرۆڤ- لقی ئامەد، سەرەتای ئەمساڵ راپۆرتێکی سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە شار و ناوچەکانی باکوری کوردستان "ناوچە کوردییەکانی تورکیا" لە ساڵی (٢٠٢٣) بڵاوکردوەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد: (٣٧) ژن کوژراون، (٨) ژن خۆیان کوشتوە و (٨) ژنی دیکەش لە ئەنجامی توندوتیژیە کۆمەڵایەتیەکان کوژراون، ئەوەش لەکاتێکدایە گیان لەدەستدانی (٣٤) ژنی دیکەش جێگەی گومانە.
|