* نەوژین
دو ژنە دەرهێنەری کورد، بە دو فیلم بەشداریی لە فیستیڤاڵی خەڵاتی فیلمی ئەڵمانیا دەکەن و پێکەوە چوار خەڵات بەدەستدەهێنن، لەوانەش خەڵاتی باشترین دەرهێنەر.
فیلمی (ئین زە بلایند سپۆت) لە دەرهێنانی ژنە دەرهێنەری باکوری کوردستان: ئایشە پوڵات، بەشداری لە فیستیڤاڵی خەڵاتی فیلمی ئەڵمانیا کرد کە بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی وڵاتی ئەڵمانیا دادەنرێت و بو بە براوەی سێ خەڵاتی فیستیڤاڵەکە.
ئەو خەڵاتانەی کە ئایشە بەدەستیهێنان بریتین لە: خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ و خەڵاتی برۆنزی بۆ باشترین پرۆدیوسەر.
فیلمی سینەمایی (ئین زە بلایند سپۆت) تاوەکو ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی پێشاندراوە و چەندین خەڵاتی دیکەشی بەدەستهێناوە.
فیلمەکە بەشێوەی دیکۆمێنتاریە، لەڕێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیوب ئازیز چاپکورت، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن، هەروەک لە گوندێکی دورەدەستی باکوری کوردستان کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە.
هەر لە فیستیڤاڵە دا، سۆلین یوسف، کە کچێکی کوردی لەدایکبوی شاری دهۆکە، خەڵاتی فیلمی وێنەیی ئەڵمانیای وەرگرت.
فیلمەکەی فیلمێکی درامی خێزانییە چیرۆکی بنەماڵەیەکی کورد دەگێڕیتەوە کە وەک پەنابەر چونەتە ئەڵمانیا و باسی کێشەکانی ژیانیان دەکەن.
خەڵاتی فیلمی ئەڵمانیا کە بە "لولا"ـیش ناودەبرێت، تایبەت بەو فیلمانەیە کە بە زمانی ئەڵمانیین، زیاتر لە حەفتا ساڵە ساڵانە خەڵات دابەشدەکات و ساڵانە کۆی گشتی سێ ملیۆن دۆلار بە براوەکان دەبەخشێت.