* نەوژین
لە یادی (٣٣) ساڵەی راپەڕینی شارى هەولێر، کتێبێک دەربارەی "خەجەباوە" ناسراو بە سیمبولی راپەڕینی شاری هەولێر، بڵاوکرایەوە.
دوێنێ (١٢ـی ئازار) کە هاوکات بو لەگەڵ یادی (٣٣) ساڵەی راپەڕینی شارى هەولێر، کتێبێک دەربارەی ژیانی "خەجەباوە" و نهێنییەکانی پشت شەهیدبونی بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە لە ئامادەکردنی نوسەر: بارزان ئەکرەمە و تێیدا باس لە ژیانی ئەو ژنە شەهیدە و بەشداریکردنی لە راپەڕینی هەولێر و هاوکات باس لە برینداربونی لەرۆژی راپەڕینی شارەکە و دواتر شەهیدبونی دەکات.
خەدیجە حەمەد، ناسراو بە "خەجەباوە"، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحیەی دیبەگە لەدایکبوە، لە رۆژی ١١ـی ئازاری ١٩٩١ بوە پێشەنگی جەماوەری راپەڕیوی هەولێر و بە دروشمەکانی خەڵکەکەی هان دەدا بۆ راپەڕین، شوێنی شەهیدبونەکەیشی ئێستا کراوە بە بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.