* نەوژین
لە مەراسیمی ئۆسکاری ئەمساڵ ژنان خەڵاتەکانی باشترین گۆرانی رەسەن، سیناریۆی رەسەن و باشترین فیلم ئیدیتینگیان بەدەستهێنا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لە هۆڵی دۆلبی هۆڵیود لە شاری لۆس ئەنجلس ٩٦ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچو.
گۆرانی (What Was I Made For)ـی خانمە هونەرمەند: بێڵی ئێڵش، کە تایبەت بە فیلمی باربی بو، بە باشترین 'گۆرانیی رەسەن' دیاریکرا و خەڵاتی ئۆسکاری پێبەخشرا، بەوەش بێڵی تەمەن ٢٢ ساڵ، بوە گەنجترین هونەرمەند کە دو خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنابێت.
هاوکات خانمە ئەکتەر و پرۆدیوسەری ئەمریکی: ئێما ستۆن، ئەکتەری سەرەکیی فیلمی (پور سینگس) بە باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژن دیاریکرا و خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرت.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتیکاری ژنیش بە داڤین جۆی، ئەکتەر لە فیلمی زە هۆڵد ئۆڤە بەخشرا.
خەڵاتی باشترین فیلم ئیدیتینگ هەر بۆ ژنان بو و خەڵاتەکە بە جینێفەر لەیم، بۆ ئۆپنهایمەر بەخشرا.
هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆی رەسەن، بەهاوبەشی بەخشرا بە جەستن تریت و ئارسەر هەراری بۆ فیلمی "Anatomy of a Fal".