* نەوژین
لە ناحیەی رزگاریی لە قەزای کەلار، کچە فێرخوازێک بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک گیانی لەدەست دا، پۆلیسی دەڵێت: کەسوکارەکەی وتویانە: “خۆی کوشتوە“، بۆ بەدواداچونی زیاتر پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەرهۆکار و چۆنێتی روداوەکە کراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردوەتەوە: بەیانی ئەمڕۆ (٣ـی ئادار) تەرمی کچە فێرخوازێک بەناوی (د. ا. ع) تەمەن ١٤ ساڵ، هێنراوە پزشکی دادی کەلار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەوە گیانی لەدەستدابو.
ئاشکرایشیکردوە: کەسوکارەکەی لەکاتی ئیفادەدا وتویانە: کچەکە لەگەڵ دایکی لەماڵەوە بوە، بەیانی ئەمڕۆ بەدەمانچەکەی باوکی کەخانەنشینی پێشمەرگەیە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لەئەنجام دا گیانی لەدەست داوە.
رونیشیکردوەتەوە: لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەرهۆکار و چۆنێتی روداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس چونەتە شوێنی روداوەکە، دەست بەسەر دەمانچە و موبایل و ئایپادی ناوبراودا گیراوە و پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە.