* نەوژین، پەرژین کامەران
خانمە دیزاینەرێکی کورد بەشداری لە هەفتەی نمایشی نیویۆرک دەکات و دەڵێت: چونکە کارەکانم جیاواز و تایبەت بون، بۆیە بۆ بەشداریکردن لە هەفتە نمایشەکە هەڵبژێردرام.
گەلاوێژ شەریفی، لەدایکبوی شاری مەهابادە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی ١١ ساڵە کاری دیزاینی جلوبەرگ دەکات و براندێکی تایبەت بە خۆی دامەزراندوە.
ئەو بەشداری لە هەفتە نمایشی نیویۆرک کردوە، کە لە رۆژانی (٩ تاوەکو ١٧ـی ئەم مانگە بەردەوامی هەبو).
لەبارەی بەشداریکردنیەوە دەڵێت: لەساڵی ٢٠١٩ـەوە ساڵانە بەشداری هەفتە نمایشی (New York fashion week ) دەکەم، بۆ بەشداربون و قبوڵکردنت لەم هەفتە نمایشە مەرج ئەوەیە دیزاینەکانت جیاواز و تایبەت بێت.
هەفتە نمایشی نیویۆرک، ساڵانە لەمانگەکانی (شوبات و ئەیلول)ـدا لە مانهاتن بەڕێوەدەچێت، بەشێوەیەکی گشتی ٧بۆ ٩ رۆژ دەخایەنێت، تێیدا چەندین مۆدی نێودەوڵەتی پیشانی کڕیاران، رۆژنامەنوسان و ئامادەبوان دەدرێت.
گەلاوێژ لەنێو ٨٠ دیزاینەری جیهانی، هاوشانی ١٤ دیزاینەری دیکە هەڵبژێردراوە بۆ ئەم هەفتە نمایشە، وەکخۆی باسی لێوەدەکات، بۆ دیزاینەکانی موی ریسایکلین بەکاردەهێنێت.
وتی: بۆ دیزاینەکانم موی ئاژەڵ بەکاردەهێنم، موەکان ریسایکڵ دەکرێت تاوەکو فڕێ نەدرێن بەکاریدەهێنمەوە بۆ جلوبەرگ.
وتیشی: ئەمەی دەیکەم شتێکی زۆر نوێیە، هیچ دیزاینەرێک پێش من شتی لەم شێوەیەی نەکردوە.
براندەکەی گەلاوێژ بەناوی (gela wesh)ـەوەیە، لەبارەی ناوی براندەکەیەوە دەڵێت: چونکە گەلاوێژ کە ناوی خۆمە و ناوێکی کوردیە، بڕیارم دا ئەو ناوە بۆ براندەکەشم بەکاربهێنم.
ئەم خانمە دیزاینەرە، خاوەنی بڕوانامەی (کەستم دیزاین)ـە، دیزاینی بۆ چەندین شۆوی جیهانی وەک: پێرفۆرمانسەکانی لاسفیگاسو بەرهەمەکانی برۆدوەی لە نیویۆرک وەک: جلی (شانۆنامەی هامێلتۆن ، لایۆنکینگ و جولێتو،) کردوە، لەگەڵ ئەوەش چەندین ئێکسسواراتی شێوە (3d) بۆ بەرنامە و درامای تەلەفزیۆنی لۆس ئەنجلۆس دروستکردوە.