* نەوژین
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنانی هەڵەبجە، ئاشکرایدەکات: لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا هیچ ژنێک لە سنوری پارێزگاکە نەکوژراوە، ئەوەش هاوشێوەی ساڵی پێشوتر.
بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنانی هەڵەبجە، بە نەوژینی راگەیاند: لە ماوەی ساڵی رابردو و دو مانگی سەرەتای ئەمساڵ دا، هیچ روداوێکی کوشتنی ژنان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە تۆمارنەکراوە، هەروەک تەنها یەک روداوی هەوڵی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە، کە ئەویش لە ژیاندا ماوە و گیانی لەدەستنەداوە.
هاوکات لە (٢٥ـی تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠٢٢)ـدا، بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، وتی: لەمساڵ دا هیچ ژنێک لە پارێزگای هەڵەبجە نەکوژراوە.
بەو پێیەش سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەماوەی دو ساڵی رابردو و دو مانگی ئەم ساڵ، هیچ روداوێکی کوشتنی ژنانی تێدا تۆمارنەکراوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە، هەروەها راشیگەیاند: لەماوەی ساڵی رابردودا (٦٥) سکاڵای توندوتیژیی خێزانی لە سنورەکە تۆمارکراوە، کە زۆرینەی سکاڵاکانیش لەسەر لێدان بون.