* نەوژین
چیرۆکی سەرکەوتنی ژنێکی کورد بەسەر نەخۆشی شێرپەنجە دا دەکرێتە بەڵگەفیلم و لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە دەست بە نمایشکردنی دەکرێت.
بەڵگەفیلمی "کچەی شاخ"، ژیانی ژنێک لەکاتی سەختییەکانی نەخۆشی شێرپەنجە و بەرەنگاربونەوەی پیشاندەدات، ئەو ژنە ئاهەنگ کاوانییە، کە توشبوی شێرپەنجەی 'مەمک'ـە و هاوکات خۆی رۆڵی سەرەکیش لە بەڵگە فیلمەکە دا دەبینێت.
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی چیرۆکی ئاهەنگ بۆ دروستکردنی بەڵگەفیلمێک، ئاسۆ کەریم، دەرهێنەر و وێنەگری بەڵگەفیلمەکە، بە نەوژنی وت: چیرۆکی ئاهەنگ جیاوازە، ئەو یەکەم رۆژ کە زانی توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک لەبری بێ ئومێد بون، رێنمایی تایبەت بە خانمانی بڵاوکردەوە و وتی: داوا لە هەموتان دەکەم ئاگاتان لەخۆتان بێت و خۆتان لەو نەخۆشیە بپارێزن.
وتیشی: ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە، دروستکردنی چەندین ئاهەنگی دیکەیە، دەمانەوێت لەڕێگەیەوە جوانیەکانی ژن پیشانبدەین، بڵێین ئەی ژن تۆ دەتوانیت بەسەر هەمو شتێک دا زاڵبیت، دەتوانیت لەهەمان کات خۆڕاگر بیت و بەرەنگاریشببیتەوە.
بەڵگەفیلمەکە لە (٣١) خولەک پێکدێت و تێیدا بە تەواوەتی تیشکخراوەتە سەر رۆژە سەختەکانی ژیانی ئاهەنگ و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی لە نەخۆشیەکە، تاوەکو تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشیە و چاکبونەوەی.
رۆژی (٤ـی شوباتی) هەمو ساڵێک بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە دیاریکراوە، تێیدا هۆشیاریی دەربارەی شێرپەنجە بڵاودەکرێتەوە، بەمەبەستی هەوڵدان بۆ رێگریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
نمایشکردنی بەڵگەفیلمی (کچەی شاخ) لە هەمان رۆژ واتا رۆژی (٤ـی شوبات) دەستیپێکرد و لەیەکەم نمایش دا لە شاری هەولێر نمایشکرا و وەک دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە نەوژینی وت: نمایشکردنی لە هەولێر بەردەوامی دەبێت و دواتر لە شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش نمایشی دەکەین.